بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 20 گوندی وان داخرا
شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە پارێزگای وان رێگەی 20 گوند داخراون، تیمەکانیش سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکانن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان کەشوهەوای سارد کاریگەریی خۆی نیشان داوە؛ لە پارێزگای مووش و شارۆچکەی ئەردیشی سەر بە وان، بارانبارین بووە هۆی دروستبوونی لافاو.
پاش ماوەیەک بارانبارینەکە گۆڕا بۆ بەفربارین و بە ناوەندی شاری وانیشەوە زۆرێک لە ناوچەکان سپیپۆش بوون. بە گوێرەی دوایین زانیارییەکان، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 20 گوندی سەر بە شارۆچکەکانی ئەردیش، مورادییە و سەراو داخراون.
تیمەکانی کردنەوەی رێگەوبان لە ئیدارەی تایبەت و شارەوانی، لە هەوڵەکانیان بۆ پاککردنەوە و کردنەوەی رێگە داخراوەکان بەردەوامن.
ئەم شەپۆلە دوای ئەوە دێت کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا بۆ ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، هۆشداریی "کۆدی زەرد"ـی بۆ 22 پارێزگا راگەیاند، کە هەریەکە لە پارێزگاکانی وان، مووش، ئاگری، بەدلیس، ئامەد، باتمان، چەولیگ و سێرتی لە باکووری کوردستان گرتووەتەوە و تێیدا هۆشداری لە بارانبارینی بەخوڕ، لافاو و بەفربارین لە ناوچە بەرزەکاندا درابوو.
لە ئەنجامی بەفربارینەکەشدا، لە ناوچە بەرزەکانی سنووری پارێزگای وان ئەستووریی بەفر گەیشتووەتە 15 سانتیمەتر و بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە، ئەمڕۆ لە چوار شارۆچکەی پارێزگاکە (چاڵدیران، سەراو، ئۆزالپ و مورادییە) بۆ ماوەی یەک رۆژ دەوامی قوتابخانەکان راگیرا. هاوکات کەشناسی پێشبینی دەکات لە سبەی سێشەممەوە پلەکانی گەرما بە رێژەی 6 تا 10 پلەی سیلیزی دابەزن و شەپۆلی بەفربارینیش لە ناوچە بەرزەکاندا تا ناوەڕاستی هەفتە بەردەوام بێت.