رۆبۆتەکان بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ درۆن بەرهەم دەهێنن

هێزە سەربازییەکانی جیهان لە پێشبڕکێدان بۆ پەرەپێدانی کارگەی گەڕۆک و تەواو ئۆتۆماتیکی لەناو کۆنتێنەری بارهەڵگردا بۆ بەرهەمهێنانی درۆن لە نزیک هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ، ئەمەش بە ئامانجی خۆپاراستن لە بۆردومانی راستەوخۆ و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی گواستنەوە و لۆجستی.

ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدان، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن گورزە وردەکان بۆ سەر ژێرخانی بەرگریی لە ئۆکرانیا، پاڵنەرن بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوەی نەرمتر بۆ بەرهەمهێنان، هاوکات باس لە یەکخستنی هەوڵە بەرگرییەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ تواناکانی پیشەسازیی بەریتانیا دەکرێت بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی جەنگ.

کارگە لەناو کۆنتێنەری بارهەڵگردا

لەم چوارچێوەیەدا، چەندین چارەسەری ئەندازیاری دەرکەوتوون کە پشت بە جێگیرکردنی هێڵەکانی بەرهەمهێنان دەبەستن لەناو کۆنتێنەری بارهەڵگردا کە شاردنەوە و گواستنەوەیان ئاسانە:

نموونەی سەربەخۆی رووسی: ئەلێکسی چادایێڤ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی زانستی و بەرهەمهێنانی "ئۆشکۆینیک"ی رووسی، نموونەی "کارگەی داهاتوو"ی نمایش کرد کە هیچ مرۆڤێکی تیادا نییە و لەناو کۆنتێنەرێکی گەڕۆکدایە؛ لەو کارگەیەدا رۆبۆتەکان رۆژانە تاوەکو 400 درۆنی هێرشبەر لە جۆری "جیڤۆدێر" کۆدەکەنەوە.
نموونەی تورکی: کۆمپانیای بەرگریی تورکی "سکای داگەر" (Skydagger) کە پەیوەستە بە کۆمپانیای "بایکار"ـەوە، هێڵێکی کۆکردنەوەی نیمچە ئۆتۆماتیکی ئاشکرا کرد کە لەناو کۆنتێنەرێکی 12 مەتریدا جێگیر کراوە بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی چوارپەروانەی جۆری (MDF500). ئەم کۆنتێنەرە دەتوانرێت لە بەندەرەکاندا بشاردرێتەوە یان لەژێر زەویدا بنێژرێت و بە وزەی خۆر کار بکات، توانای بەرهەمهێنانیشی دەگاتە 500 درۆن لە مانگێکدا.

تێپەڕاندنی ئاستەنگی گواستنەوەی لۆجستی

چادایێڤ روونیکردەوە، ئامانج لە گواستنەوەی خودی کارگەکە بۆ نزیک بەرەکانی جەنگ، دەگەڕێتەوە بۆ تێچوو و مەترسیی زۆری گواستنەوەی درۆنە ئامادەکراوەکان؛ چونکە درۆنە کۆکراوەکان رووبەرێکی زۆر داگیر دەکەن و بە ئاسانی دەشکێن، ئەمەش وا دەکات بارهەڵگرەکان لە بری بارێکی راستەقینە، "بە رێژەی 80% هەوا بگوازنەوە". هەر کە کۆنتێنەرەکە گەیشتە شوێنی مەبەست و کارەبا و پارچەی یەدەگی بۆ دابین کرا، رۆبۆتەکان دەستبەجێ دەست بە کار دەکەن.

درۆنی نوێی "جیڤۆدێر"ی رووسی بەرهەمی راستەوخۆی ئەم گۆڕانکارییەیە؛ پەیکەرە سووکەکەی لە داڕشتەی مەگنیسیۆم دروست کراوە تاوەکو بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ بە تەواوی لەسەر هێڵی گواستنەوە کۆبکرێتەوە.

ئەم درۆنە بەوە جیادەکرێتەوە کە دەتوانێت وەک "درۆنێکی خۆمەڵاسدەر" کار بکات؛ بە نهێنی لەناو گژوگیای قەراخ رێگاکان دەنیشێتەوە و کارەباکەی دەکوژێنێتەوە تاوەکو ئاشکرا نەبێت، پاشان بە بێدەنگی چاوەڕێ دەکات تاوەکو مایکرۆفۆنە ناوەکییەکەی دەنگی بزوێنەری ئۆتۆمبێلێکی نزیکبووەوە دەبیستێت، دواتر بەکارهێنەرەکەی لە دوورەوە چالاکی دەکاتەوە و گورزەکەی دەوەشێنێت.