هەولێر.. پرۆژەی "سینەما و جەماوەر" دەست بە چالاکییەکانی خۆی دەکاتەوە

پرۆژەی هونەریی "سینەما و جەماوەر"، دوای ماوەیەک وەستان، جارێکی دیکە دەست بە چالاکییەکانی دەکاتەوە و  هەفتانە فیلمی سینەمایی کوردی و بیانی بۆ جەماوەری سینەما نمایش دەکرێت، بەمەبەستی پەرەپێدانی کولتووری سینەما و دروستکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ پەیوەندیی نێوان بەرهەمهێنەرانی فیلم و بینەران.

سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم پرۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر، بە هاوبەشی و پاڵپشتیی پارێزگای هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە ماوەی چالاکییەکانی خۆیدا هەوڵی داوە بە نمایشکردنی بەرهەمە جۆراوجۆرە سینەمایییەکان، جەماوەری هەولێر زیاتر لەگەڵ دونیای سینەما و شێوازە جیاوازەکانی گێڕانەوەی فیلم ئاشنا بکات."

شاخەوان مستەفا سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەو پڕۆژە هونەرییە گوتی، "دوای بەڕێوەچوونی وەرزی سەرکەوتووی یەکەمی چالاکییەکان و پاشان وەستانی دوو هەفتەیی بەهۆی رووداوە سروشتییەکەوە، ئێستا جارێکی دیکە چالاکییەکانمان دەستپێدەکەینەوە و یەکەمین فیلمی ئەم خولەیەش فیلمی سینەمایی "ماڵی نەنە" نمایش دەکرێت."
 
سەبارەت بە چیرۆکی فیلمی سینەمایی "ماڵی نەنە"، شاخەوان مستەفا دەڵێت، "فیلمی "ماڵی نەنە"، بەرهەمێکی کۆمێدی و خێزانییە و لە دەرهێنانی محەممەد مستەفایە، بەرهەمهێنەرەکەی باهۆز نەسرەدینە، ئەو فیلمە بە روانگەیەکی خێزانییەوە دروست کراوە و لە ناوەڕۆک و پێشکەشکردنی خۆیدا گرنگی بە لایەنی دەروونیی بینەر، بە تایبەتی منداڵان، دەدات."

شاخەوان مستەفا گوتیشی، "ناوەڕۆکی فیلمەکە لە رووی دەروونییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە و گونجاوی بۆ بینینی خێزان و منداڵان پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها هەڵبژاردنی فیلمێکی خێزانی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم چالاکییە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی سینەما ببێتە شوێنێکی هاوبەش بۆ ئەندامانی خێزان و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، هەروەها منداڵانیش لە تەمەنی جیاوازدا بتوانن بە شێوەیەکی گونجاو لە دونیای فیلم و چیرۆکە سینەمایییەکان نزیک ببنەوە."

بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، "بەردەوامبوونی پرۆژەی "سینەما و جەماوەر" لە هەولێر، گرنگیی ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە دەردەخات کە تەنیا بە نمایشکردنی فیلم کۆتایی نایەن، بەڵکو دەرفەت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان سینەماکاران و جەماوەر، ناساندنی بەرهەمە سینەمایییە ناوخۆیی و بیانییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی سینەمایی لە کۆمەڵگەدا دروست دەکەن."

بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لەچوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"دا، هەموو چوارشەممەیەک بێبەرامبەر فیلمی سینەمایی لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایش دەکات.