بیرۆکەی رێکخستنی لووتکەی جیهانیی لاوان لە کوردستان لە کوێوە سەرچاوەی گرت؟
بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی "کوردستان فاوندەیشن" رایگەیاند، لە رۆژی سێیەمی لووتکەکەدا چوار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوار وڵاتی جیاوازدا لە بەرژەوەندیی گەنجان واژۆ دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لووتکەکە لە لایەن دامەزراوەی "کوردستان فاوندەیشن"ـەوە لە ژێر دروشمی "نەخشاندنی داهاتوو" رێکخراوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بە بەشداریی زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان و 47 وڵاتی جیهانەوە بەردەوام دەبێت.
یارا بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی "کوردستان فاوندەیشن"، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆکردنەوەی گەنجانی خاوەن ئەزموون و تێڕوانین لە 47 وڵاتی جیاوازەوە کارێکی ئاسان نەبووە، بەڵام ئەو کار و چالاکییانەی ئەنجامی دەدەن بە ئەرکی سەر شانی خۆیانی دەزانن.
لەبارەی سەرچاوەی بیرۆکەی لووتکەکە، یارا بەرزنجی روونی کردەوە، لەسەر بنەمای دیدگای ئارین بارزانی، دامەزرێنەری "کوردستان فاوندەیشن" بۆ بنیاتنان و بەرەوپێشچوونی پێکەوەیی، لە سەرەتای ئەمساڵدا بڕیاری گۆڕینی شێوازی کارکردنیان داوە.
گوتیشی، لە تۆڕی دامەزراوەکەدا لە رێگەی رێکخراوی "ڤۆڵەنتیر کەی ئار دی"ـیەوە 30 هەزار خۆبەخش تۆمار کراون و ساڵانە پێنج بۆ 10 گەنجیان دەناردە لووتکە جیهانییەکانی دەرەوە، بۆیە بڕیاریان دا ئەمجارە لە بری ناردنی چەند گەنجێک بۆ دەرەوە، لووتکە جیهانییەکە بهێنرێتە هەرێمی کوردستان تا گەنجانی جیهان بێنە ناو کوردستان و لەگەڵ گەنجان و وەزیرەکانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و بۆچوون و ئەزموونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی "کوردستان فاوندەیشن" جەختی کردەوە، لووتکەکە بۆ نمایشی میدیایی نییە، بەڵکوو بەرنامەکانیان بە شێوەیەک داڕشتووە دەرەنجامی راستەقینەیان هەبێت. ئاماژەی بەوەش دا، لە رێگەی ئەم لووتکەیەوە چوار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەسەر چوار بابەتی جیاواز لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوار وڵاتی جیاوازدا جێبەجێ دەکرێن و لە رۆژی سێیەمی لووتکەکەدا دەخرێنەروو و بەهۆیانەوە سەدان گەنجی کوردستان سوودمەند دەبن.
یارا بەرزنجی باسی لە بەرنامەی رۆژی یەکەمی لووتکەکە کرد لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا و گوتی، شەش پانێڵ بە بەشداریی چەندین وەزیری دەرەوەی وڵاتان، لەوانە وەزیرانی بەحرێن و لیبیا، بەڕێوەچوون. ئەوەشی خستەروو، وەک خاڵێکی جیاواز، هەموو بەڕێوەبەرانی پانێڵەکان گەنجانی خوار تەمەن 30 ساڵ بوون و زۆربەیان پێشتر ئەو کارەیان نەکردبوو، بۆیە لە ماوەی چەند رۆژێکدا لە لایەن دامەزراوەکەوە راهێنانیان پێ کراوە بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆکان لەسەر سەکۆ.
سەبارەت بە بەرنامەی سبەینێ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەم، یارا بەرزنجی روونی کردەوە، چالاکییەکان دەگوازرێنەوە پارکی شانەدەر و لە چوارچێوەی پڕۆژەی "10 گرفت 10 چارەسەر"دا بەڕێوەدەچن. گوتیشی، لە پڕۆژەکەدا ئەو 10 گەنجەی مانگانە دیاری دەکرێن، سبەینێ لە هەر کەرتێکدا بن، وەک کارسازی یان تەندروستی، راستەوخۆ لەگەڵ وەزیری بەرپرس و راوێژکارێکی دەرەوەی وڵات دادەنیشن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان، ئەمەش یەکەمین دەرفەتی لەم شێوەیەیە بۆ گەنجان دەڕەخسێت.
بەڕێوەبەری گشتیی "کوردستان فاوندەیشن" ئاماژەی بەوەش کرد، ئارین بارزانی، دامەزرێنەری دامەزراوەکە، ساڵێک و 11 مانگ لەمەوبەر دیدگایەکی روونی بۆ کارەکانیان داناوە بە ئامانجی خزمەتکردنی گەنجان. لەو چوارچێوەیەدا، تۆڕی دامەزراوەکە بەسەر شەش رێکخراوی جیاوازدا دابەش کراوە، سەرەتا گەنج لە رێگەی رێکخراوی "ڤۆڵەنتیر کەی ئار دی"ـیەوە قۆناخی خۆبەخشی دەبڕێت، دواتر دەچێتە رێکخراوی "جۆبس کەی ئار دی" بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و پەرەپێدانی توانا، پاشان لە رێکخراوی "ئێمپاوەر کەی ئار دی"ـدا لە بوارەکانی کولتوور و وەرزشدا پەرەی پێ دەدرێت، لە پاڵ سێ رێکخراوی دیکەی تۆڕەکەدا بۆ پشتیوانیکردنی گەنجان.