رێبەر ئەحمەد: هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە
رێبەر ئەحمەد: تاوانەکانی کوشتنی ئافرەتان کەمی کردووە
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبوونی هیچ جۆرە لێبوردنێکە بەرانبەر بە توندوتیژی، ئاشکراشی کرد کە ئامارە زانستییەکان دەریدەخەن تاوانەکانی کوشتنی ئافرەتان و بەشێک لە شێوازەکانی توندوتیژیی خێزانی کەمیان کردووە.
سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، دیپلۆماتکاران، پەرلەمانتاران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکی پێشکەش کرد و سوپاسی هەموو لایەنە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی کرد و جەختی کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنیا ئەرکی وەزارەتێک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە دا کە لە دیدگا و بەرنامەی کاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، پاراستنی ئافرەتان لە توندوتیژی و پەرەپێدانی توانای سەرکردایەتییان دوو کاری لەپێشینەی نیشتمانین. گوتیشی: "ئافرەتان نابێت تەنیا وەک کەسانێک سەیر بکرێن کە پێویستیان بە پاراستنە، بەڵکو دەبێت خاوەنی دەنگ، بڕیار و پێگەی سەرکردایەتی بن."
سەبارەت بە هەنگاوە یاساییەکان، رێبەر ئەحمەد دەرکردنی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011 و دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتانی بە وەرچەرخانێکی گرنگ ناو برد، بەڵام جەختی کردەوە، لە قۆناخی ئەمڕۆدا پێوەری دادپەروەری تەنیا بوونی دەقی یاسایی نییە، بەڵکو توانای جێبەجێکردنی یاسایە. راشیگەیاند: "هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و پێویستە هەموو دۆسیەکان بەبێ جیاوازی و دەستوەردان بخرێنە بەردەم دادگا تاوەکوو ئەنجامدەرانی توندوتیژی سزا بدرێن."
رێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد کە داتا و توێژینەوە زانستییەکان ئاماژەی ئەرێنی نیشان دەدەن لە کەمبوونەوەی بەشێک لە شێوازەکانی توندوتیژیی خێزانی و تاوانەکانی کوشتنی ئافرەتان، هاوکات بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و متمانە بە دامەزراوەکان وای کردووە ئافرەتان بوێرانەتر داوای مافی خۆیان بکەن و ژمارەی سکاڵاکان رۆژ بە رۆژ زیاتر ببێت.
هەروەها ئەو هەنگاوانەی خستەڕوو کە وەزارەتی ناوخۆ گرتوونییەتە بەر، لەوانە:
- بەهێزکردنی نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بۆ ئاسانکردنی گەیشتن بە سکاڵا و راوێژ.
- پڕچەککردنی بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی تاوان بە تەکنەلۆجیای سەردەم بۆ شیکردنەوەی زانستیی بەڵگەکان.
- زیادکردنی ژمارە و توانای ئەفسەر و لێکۆڵەرانی ئافرەت لە بنکەکانی پۆلیسدا.
- کاراکردنی هێڵی گەرمی 119 و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بۆ وەڵامدانەوەی خێراتر.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ هۆشداریی دا لەوەی فراوانبوونی ژینگەی دیجیتاڵی شێواز و مەیدانی نوێی هەڕەشە، ئازاردان و پێشێلکردنی تایبەتمەندیی بەرانبەر ئافرەتان دروست کردووە. دڵنیاییشی دا، هێزەکانی پۆلیسی کوردستان بەردەوامن لە پەرەپێدانی تواناکانی لێکۆڵینەوە لە بەڵگە دیجیتاڵییەکان و راوەدوونانی تاوانبارانی ئەلیکترۆنی، تاوەکوو تەکنەلۆجیا بخرێتە خزمەتی ئاسایشی مرۆیی و ماوەی نێوان دروستبوونی مەترسی و گەیشتنی دەستی پاراستنی حکوومەت بۆ کەمترین ئاست کورت بکرێتەوە.
جەختی کردەوە کە ئەم هەڵمەتە تەنیا بۆنەیەکی 16 رۆژە نییە، بەڵکو نوێکردنەوەی پەیمانێکی رۆژانەیە تاوەکوو ئافرەتانی کوردستان بەبێ ترس بژین، چونکە کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر تەنیا بە بەشداریی کارا و سەرکردایەتیی ئەوان تەواو دەبێت.