پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

سەرۆک بارزانی رایگەیاند، لە ناوەندەکانی بڕیاری عێراقدا جموجۆڵ و هەڵمەتێکی چەواشەکارانە لەدژی هەرێمی کوردستان هەیە و جەختی کردەوە کە هەرێم ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و بڕیاری تاکلایەنە چارەسەری گرفتەکان ناکات؛ هاوکات دووپاتی کردەوە لە رێگەی یاسایی و دەستوورییەوە هاوکاری سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی.

سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی، لەبارەی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵ لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی داوە، ماوەیەکە لە ناوەندەکانی بڕیاری عێراقیدا جموجۆڵ و هەڵچوونێکی ناسروشتی لەدژی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت کە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی بنەماکانی فیدراڵییەت و دەستووری عێراق و پشتگوێخستنی مافەکانی گەلی کوردستان و خستنەڕووی بڕیار و بیرۆکەی ناتەندروست و سەرکێشانە دەبینێتەوە.

سەرۆک بارزانی دەشڵێت: هەموو لایەک ئەوە باش دەزانن کە گەلی کوردستان خەباتێکی دوورودرێژی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیدا هەبووە و لەو رێگەیە کارەساتی گەورەی بەسەردا هێنراوە هەر لە ئەنفال و کیمیابارانەوە بگرە هەتا تێکدانی هەزاران گوند و دەرکردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردنشینەکان و دەیان تاوانی گەورەی تر کە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، بەڵام گەلی کوردستان ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و بە خوێن و قوربانیدانی خۆی لەدژی هەموو چەشنە ستەمکارییەک وەستایەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2003 رۆڵی سەرەکیی هەبوو لە رووخانی رژێم و کۆتایهێنان بە دیکتاتۆرییەت و هەروەها رۆڵی باڵای هەبوو لە بنیاتنانی عێراقی تازە وداڕشتنی دەستوور، دەستوورێک کە لەژێر سایەیدا هەموو عێراقییەکان بحەسێنەوە و کۆتایی بە نەهامەتی و نکۆڵیکاری بێت. ئەو رۆڵەش بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بوو کە رێگەی دا هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە رووخانی رژێم و بنیاتنانی عێراقی نوێدا بکەن. ئێمە هەموومان وامان دەزانی کە لە دەستووری عێراقدا ئەرک و مافەکانی هەموو لایەک جێگیر بووە و حوکمڕانانی عێراق رێز لە دەستوور و ئیرادەی گەل دەگرن، بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەکرا و رۆژ لەدوای رۆژ دەستکرا بە دژایەتیکردنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و پێشێلکردنی پڕەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، کە ئەو پڕەنسیپانە لە هەموو سەردەمێکدا کلیلی رزگارکردنی عێراق لە قەیرانەکان و گەیشتن بە پێشکەوتن و ئاسوودەییە بۆ هەموو عێراقییەکان.

سەرۆک بارزانی راشیگەیاندووە، سەبارەت بە حکوومەتی تازەی عێراق ئێمە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی راگەیاند لە چارەسەرکردنی کێشەکان و پاڵپشتی بووین لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە کردەوە ئەوەمان ئەنجامداوە. ئێستاش کە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و زاڵمانە هەیە لەدژی هەرێم و رۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاو دەکرێتەوە. ئێمە پێمانوایە چارەسەرکردنی گرفتەکان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاکلایەنە ناکرێت. ئێمە چۆن هاوکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە رێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچیتی، بەڵام لە رێگەی یاسایی و دەستوورییەوە.

پێویستە هەموو لایەکمان دەست بە بنەماکانی دەستوورەوە بگرین و لەو وڵاتەی بۆ رزگاربوونی لە دیکتاتۆرییەت و گەیشتن بە ئازادی رەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاکم بێت و هیچ کەسێک پشت بە میزاج و زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست و ماڵوێرانکەر نەبەستێت.

جەختیش دەکاتەوە هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەت ساڵەی گەلی کوردستان و بە خوێنی سەدانهەزار شەهید هاتووەتە کایەوە و خاوەن مافی رەوای خۆیەتی. هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ کەس و لایەنێک.