مازن غەریب: پێویستە پارتی و یەکێتی بەیەکدەنگی رووبەڕووی هەوڵەکانی دژی هەرێم ببنەوە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، راگەیەنراوە هاوبەشەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە سەرکردایەتیی هەردوو حزب بە زوویی کۆببنەوە، ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، مازن غەریب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "راگەیەنراوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی زۆر گرنگ و لە کاتێکی زۆر باشدابوو، چونکە هەوڵێک هەیە دەیانەوێت هێز بنێرنە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی بە زوویی دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بکەن، ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و حکوومەتێکی بەهێز دروست بکەن، بۆ ئەوەی هەمووان بە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن دژی هەر پرس و بابەتێک کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت."
مازن غەریب گوتیشی، "ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێت کە کورد لە زۆربەی ناوچەکان پەرتەوازەیە، بۆیە پێویستە واز لە بەرژەوەندییە حزبی و تاکەکەسییەکانیان بهێنن."
جەختیشی کردەوە، "ئەگەر کورد لە بەغدا یەکدەنگ بێت، دەتوانێت بەرامبەر هەموو ئەو بڕیارانە بوەستێتەوە کە بیانەوێت هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە."
پارتی و یەکێتی, راگەیەنراوەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردوویان بە چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمان بۆ هاووڵاتییانی هەرێم ناو برد و جەختیان کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانیشی هێڵی سوورن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو راگەیەنراوەی لە لایەن گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، لەگەڵ ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا لە عێراقدا لە ئارادان، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتوون زیاتری داوا نەکردووە، کەچی بە درێژایی ساڵانی رابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.
بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوو لایەن جەختیان کردووەتەوە، پێویستە هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێت دەستوور دادوەر و ناوبژیوان بێت لە نێوانیاندا. جگە لە دەستوور، هەر رێوشوێن و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە.