حزبی زەحمەتکێشان و هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی جەخت لە دیالۆگ و یەکڕیزی دەکەنەوە
هەر یەک لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا نیگەرانیی خۆیان لە بڕیار و لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەغدا بەرامبەر ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و، داوایان لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بە یەکڕیزی بەرەنگاری هەر پێشێلکارییەک ببنەوە.
سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی، لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە لێدوان، بڕیار و رێکارەکانی ئەمڕۆی بەغدا دژی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
هەڵوێستی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، راگەیەنراوی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەو ئاراستە سیاسییەی لە عێراقدا بەرامبەر بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکرێت، خزمەتی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و سەقامگیریی سیاسی ناکات.
حزبی زەحمەتکێشان جەختی کردووەتەوە، هەر بڕیار و یاسایەک لە دەرەوەی تایبەتمەندیی دەسەڵاتی فیدراڵی بێت و پێشێلی تایبەتمەندی و دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان و دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بکات، پێچەوانەی دەستوورە؛ بۆیە پێویستە هەموو کێشەکان بە دیالۆگ و گەڕانەوە بۆ دەستوور چارە بکرێن.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان داوای کردووە کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، هەموو لایەنە سیاسییەکان لە چوارچێوەی دەستووردا بە یەکگرتوویی بەرەنگاری هەر پێشهات و پێشێلکارییەک ببنەوە کە لە مافەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان کەم دەکاتەوە.
هەڵوێستی هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی
لە لای خۆیەوە، مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی رایگەیاند: بە نیگەرانییەکی گەورەوە سەیری بڕیار و ڕێکارەکانی ئەمڕۆی حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، کە بە ناوی پاراستنی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنی دۆخی نەوت و دەروازە سنوورییەکان، مافی دەستووری و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
هاوپەیمانییەکە جەختی کردووەتەوە، وێڕای پشتگیریکردن لە هەر هەنگاوێکی یاسایی و شەفاف بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، قاچاخ و پاراستنی سامانە گشتییەکانی عێراق، بەڵام هیچ ئامانجێکی نیشتمانی نابێت ببێتە بیانوو بۆ پێشێلکردنی بنەماکانی فیدراڵیزم و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
روونیشی کردووەتەوە، دەستووری عێراق گرەنتییەکی یاسایی و سیاسییە بۆ هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێمەکان نەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتێک بەسەر دەسەڵاتێکی دیکەدا و، هیچ بڕیارێکی تاکلایەنەش نابێت جێگەی رێککەوتن، گفتوگۆ و پابەندبوون بە دەستوور بگرێتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی نەوەیەک لە خەڵکی کوردستانە و بوونی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا لەسەر بنەمای دەستوور و پرەنسیپی فیدراڵی دامەزراوە؛ بۆیە دەستدرێژیکردن بۆ سەر ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی تەنیا کێشەیەکی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، بەڵکو زیان بە بنەماکانی هاوبەشی و پێکەوەژیانی نیشتمانی دەگەیەنێت.
لەو پێناوەشدا هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی چوار خاڵی خستووەتەڕوو: یەکەم؛ داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات بە هەموو بڕیار و رێکارێکدا بچێتەوە کە دژی بنەماکانی فیدراڵیزم و مافە دەستوورییەکانی هەرێمە.
دووەم: جەخت دەکاتەوە چارەکردنی کێشەکانی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەبێت بە گفتوگۆی نیشتمانی و پابەندبوون بە دەستوورەوە بێت نەک بە بڕیاری تاکلایەنە.
سێیەم: هاوپەیمانییەکە پێی وایە هێز و یەکڕیزیی ناوخۆیی لەگەڵ پابەندبوون بە یاسا و گفتوگۆی سیاسی باشترین رێگای پاراستنی مافەکان و دوورخستنەوەی ناوچەکەیە لە ئاڵۆزی و ناکۆکیی زیاتر.
چوارەم: هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی، بە پێویستی دەزانێت کۆبوونەوەی لووتکەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت بۆ دەربڕینی هەڵوێستی هاوبەش.
هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی دووپاتی کردووەتەوە، عێراقی بەهێز ئەو عێراقەیە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوبەشی، فیدراڵیزم و رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی دامەزراوە، نەک ئەو عێراقەی بە بڕیاری تاکلایەنە و کەمکردنەوەی دەسەڵاتە یاساییەکان هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکانی تێک دەدات.
جەختیشی کردووەتەوە، مافە دەستوورییەکان جێی سازش نین و هاوبەشیی نیشتمانی بە یەک لایەنی بە دی نایەت.