ئەنجوومەنی دادوەری: داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم دەکەین پابەندی دەستوور بن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم و سەرجەم هێزەکان دەکەین پابەندی دەستوور بن.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی، یەکگرتوو و سەربەخۆیە و سیستەمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، پەرلەمانی و دیموکراتییە. دەستووری ساڵی 2005 گەرەنتیی ئەو سیستەمەیە و دادگەی باڵای فیدراڵی، بەپێی دەقەکانی دەستوور، دەسەڵاتی لێکدانەوەی بڕگەکانی هەیە.

لەم چوارچێوەیەدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، پابەندی ئەو دەقانە بن کە لە دەستووردا جێگیر کراون.

سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو راگەیەنراوەی لە لایەن گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، لەگەڵ ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا لە عێراقدا لە ئارادان، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتوون زیاتری داوا نەکردووە، کەچی بە درێژایی ساڵانی رابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.

بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوو لایەن جەختیان کردووەتەوە، پێویستە هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێت دەستوور دادوەر و ناوبژیوان بێت لە نێوانیاندا. جگە لە دەستوور، هەر رێوشوێن و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە.

لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتیدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوور و درێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن.

هەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە، ئێمە لەگەڵ دیالۆگ، شەفافییەت و لێکتێگەیشتنین، بڕیاری تاکلایەنە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناکات.