تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق جورف سەخری کۆنتڕۆڵ نەکردووە

ئەمە ناونیشانی راپۆرتێکی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگە و ئاشکرای کردووە سەرەڕای رێککەوتنێکی نێوان حکوومەتی عێراق و کەتائیبی حزبوڵڵا، کە بە نێوەندگیریی سوپای پاسدارانی ئێران واژۆ کرا، هێشتا چەکدارانی ئەو گرووپە لە جورف سەخر ماونەتەوە و حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەی پارێزگای بابل وەربگرێتەوە.

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبیش لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ناوەڕۆکی ئەم راپۆرتە پشتڕاست دەکاتەوە کە جورفولسەخر لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانە و دۆخەکە هیچی لێنەگۆڕاوە.

فەرماندەی حەشدی شەعبی بە کوردستان24ـی راگەیەند؛ "ئەمە دۆخەکەیە کە دەیبینن، ئێمە لێرەن لە جورف سەخر، ئەمەی هەیە رادەستکردنی خاڵەکانە بە گەنجان و برایانمان بۆ ئەوەی پێگەکانی خۆیان و حەشدی شەعبی بەهێزتر بکەن، پێشتر سێ لیوای حەشدی شەعبی لێرە بوو، ئێستا بووەتە پێنج لیوا"

راپۆرتەکەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ هەمان قسەی فەرماندەکەی حەشدی شەعبی پشتڕاست دەکاتەوە، ئاشکراشی کردووە کە تەنیا یەک لەسەر سێی لیواکانی کەتائیبی حزبوڵڵا لە جورف سەخر کشاونەتەوە، چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵا هێشتا کۆنترۆڵی دەروازەی سەرەکیی جورفولسەخریان بەدەستەوەیە و وردبینی و چاودێریی یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراقیش دەکەن، دیاریش نییە کەتائیبی حزبوڵڵا کەی لە جورفولسەخر دەکشێنەوە.

ئەم راپۆرتەی پەیمانگەی جەنگ لە کاتێکدایە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکوومەتەکەی هەینی رابردوو چوونی هێزەکانی عێراقیان بۆ ناو جورف سەخر بە سەرەتای سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراق دانا، لە کاتێکدا ئەو ناوچەیە ماوەی 12 ساڵە لەلایەن چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی کۆنتڕۆڵکراوە و ئامادەش نییە رادەستی دەوڵەتی بکاتەوە