حووسییەکان هەڕەشەی بۆردومانکردنی بەندەرەکانی سعوودیە دەکەن
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، هەر هێرشێک بکرێتە سەر بەندەری حودەیدە، بەندەری جەددە و سەرجەم بەندەرەکانی دیکەی سعوودیە لە کەناراوەکانی دەریای سوور دەکەنە ئامانج.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە راگەیەندراوێکدا گوتی: هەر هێرشێک بکرێتە سەر بەندەری حودەیدە، ئەوان بەندەری جەددە و سەرجەم بەندەرەکانی دیکەی سعوودیە لە کەناراوەکانی دەریای سوور دەکەنە ئامانج.
یەحیا سەریع جەختیکردەوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ بۆردومانکردنی بەندەری حودەیدە، بەندەرەکانی سعوودیە دەبنە ئامانجی هێزەکانیان. ئەو هەڕەشەیە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعوودیە رایگەیاند، تواناکانی کارکردن لە بەندەری حودەیدەیان کردووەتە ئامانج و چەند ئامانجێکی دیکەشیان لە پارێزگاکانی سەعدە و عومران تێکشکاندووە. لەم چوارچێوەیەدا فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان داوای لە هاووڵاتییان کرد بەمەبەستی پاراستنی گیانیان، بەندەری حودەیدە چۆڵ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، پێکدادانە سەربازییەکان لە نێوان هێزەکانی حکوومەت و حووسییەکان بەرفراوان بوون. بەپێی زانیارییەکان، مەیدانی شەڕەکە بەتایبەت لە پارێزگاکانی تەعز، مائرەب و جوف چڕ بووەتەوە. هێزەکانی حکوومەت ئاشکرایانکرد، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بە تۆپباران و هێرشی ئاسمانی ورد ئەنجامداوە و زیانی گیانی و ماددیی زۆریان بە حووسییەکان گەیاندووە.
میدیاکانی سەر بە حووسییەکان بڵاویانکردەوە، چوار هێرشی ئاسمانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سەعدەیان کردووەتە ئامانج. بەهۆی بەردەوامیی پێکدادانەکان لە چەند بەرەیەکدا، دۆخی سەربازی لە یەمەن بە خێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەمەش دەرهاوێشتە ئەمنیی و مرۆییەکانی زیاتر کردووە.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی حووسییەکان، گوتەبێژی سەربازیی ئەو گرووپە داوای چۆڵکردنی بەندەرەکان و دەرهێنانی کەشتییەکانیان کرد.
باڵیۆزخانەی سعوودیە لە واشنتن رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە لە 24ـی ئەیلوولەوە 209 هەڕەشەی ئاسمانیی حووسییەکانی پووچەڵ کردووەتەوە. باڵیۆزخانەکە روونیکردەوە ئەو هێرشانە ژێرخانی ئابووری، دامەزراوەکانی وزە و ناوچەکانی نزیک شوێنە پیرۆزەکانیان کردووەتە ئامانج و برینداربوونی لێکەوتووەتەوە.