جێگری پارێزگاری هەولێر: ئەمڕۆ کارەکانی تۆمارکردنی زیانەکانی لافاو کۆتایی دێت
جێگری پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، تۆمارکردنی زیانەکانی خانوو، دووکان و شوێنە بازرگانییەکانی لافاوەکەی هەولێر بە کۆتا گەیشتووە و ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆسەی تۆمارکردنی زیانەکانی لافاوەکەی شاری هەولێر بەردەوامە و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، ژمارەی هەموو خانوو، مارکێت، دووکان و شوێنە بازرگانییە زیانلێکەوتووەکانیان تۆمار کردووە.
جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەر لافاوەکە کەوتوون و هەر ئەمڕۆش کاری هەموو دەستە و تیمەکانی تۆمارکردنی زیانەکان کۆتایی دێت.
هێمن قادر گوتیشی، "هێشتا ئەنجامی کۆتایی کارەکانمان پێ نەگەیشتووە" و هەر کاتێک ئاماری کۆتایی زیانەکانیان بەردەست کەوت، بۆ هاووڵاتییان و میدیاکان بڵاوی دەکەنەوە.
لافاوەکە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕە بوو کە لە 5ی تشرینی دووەمی 2026ـەوە هەرێمی کوردستانی گرتەوە و شەوی شەممە، 7ی تشرینی دووەم گەیشتە لووتکە. لەو شەوەدا، لە کاتێکدا پێشبینییەکان بۆ بارینی نزیکەی 30 ملیمەتر باران بوون، نزیکەی 80 ملیمەتر باران لە ناوەندی شاری هەولێر و 120 ملیمەتر لە دەوروبەری باری، کە بووە هۆی هاتنی نزیکەی چوار ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ ناو گەڕەکەکانی شارەکە و دروستبوونی لافاو.
بەهۆی لافاوەکەوە، لە شاری هەولێر دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا، کە منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان و گەنجێکی خۆبەخشی تەمەن 25 ساڵان بوون و تیمەکانی فریاکەوتنیش 208 هاووڵاتییان لە نێو ئاودا رزگار کرد. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە لە 15ی تشرینی دووەمدا لەلایەن کارگێڕیی خۆجێیی هەولێرەوە بڵاو کرابوونەوە، تا ئەو کاتە 1740 ماڵ و شوێنی بازرگانی زیانیان پێ گەیشتبوو، لە نێویاندا 850 ماڵ و 650 دووکان و شوێنی بازرگانی کە 86%ـی کۆی زیانلێکەوتووانی ئەو قۆناخەیان پێک دەهێنا، لەگەڵ تۆمارکردنی 171 ئۆتۆمبێل؛ هاوکات زیانە داراییە سەرەتاییەکان بە زیاتر لە هەشت ملیۆن دۆلار خەمڵێنران.
دوای رووداوەکە، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیمی گەڕۆک و دوو هێڵی گەرم بۆ تۆمارکردنی زیانەکان پێک هێنران، بە ئامانجی ناردنی راپۆرتی گشتگیر بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تا بڕیار لەسەر شێوازی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان بدرێت. لە رۆژانی رابردووشدا و بە دیاریکراوی لە 23ی تشرینی دووەمی 2026، پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجام دا بۆ خێراترکردنی کارەکانی زیاتر لە چوار پڕۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ و پاککردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو لە شارەکەدا.