پارێزگاری هەولێر: سبەی گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەری دەکرێت
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لەسەر داواکاریی نوێنەرانی چین و توێژەکان، بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکەکەی، گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەری لە نزیک قەڵای هەولێر بەڕێوەدەچێت و داوای بەشداریی فراوانی هەموو پێکهاتەکان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە پێناو پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکی کوردستان، سبەی پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، کاتژمێر 10:30ـی بەیانی، لە باخی شار لە نزیک قەڵای هەولێر گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەری بەڕێوەدەچێت.
ئومێد خۆشناو روونیشی کردەوە، بڕیاری بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکە دوای ئەوە هات کە داواکارییەک لەلایەن نوێنەرانی چین و توێژەکانەوە بۆ وەرگرتنی رێپێدانی فەرمی پێشکەش کرابوو.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، خۆپیشاندانەکە سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان لەخۆ دەگرێت و وەک دەستەی ئاسایشیش جگە لە پێدانی رێپێدان، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە. گوتیشی، هیوادارن جەماوەر، چین و توێژەکان، سەرجەم هێزە رامیارییەکان، پێکهاتەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل بەشدارییەکی فراوان و کارایان لە خۆپیشاندانەکەدا هەبێت.
ئەم راگەیاندنەی پارێزگاری هەولێر هاوکاتە لەگەڵ بانگەوازێکی هاوشێوەی هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، لەلایەن شڤان مەحموود، سکرتێری رێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە، کە داوای لە قوتابییان، خوێندکاران و لاوانی سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی کوردستان کردبوو سبەی لە کاتژمێر 10ـی بەیانییەوە بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بڕژێنە سەر شەقامەکان.
ئەم جووڵە جەماوەرییانە لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێن کە دوێنێ سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین بڕیاری نایاسایی و نادەستووری لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد کە دواتر ناڕەزایەتیی کوردستانییانی لێ کەوتەوە.