لە ئێران هەڵاوسانی بەرهەمهێنەر ریکۆردی 15 ساڵەی شکاند
بەگوێرەی نوێترین ئاماری فەرمیی ئێران، هەڵاوسانی بەرهەمهێنەر لە هاوینی 2026دا بۆ بەرزترین ئاستی 15 ساڵی رابردوو هەڵکشا. کەرتی پیشەسازی و بەرهەمە پاڵاوتەییەکان بوونە هۆکاری سەرەکیی ئەم بازدانە و تێچووی بەرهەمهێنانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە. لەم راپۆرتە گرافیکییەدا وردەکاریی ژمارە و ئامارەکان دەخەینە روو.
بە پێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بەرهەمهێنەر لە هاوینی 2026دا گەیشتە 120.9 لەسەد و ریکۆردی 15 ساڵەی لە 2011ـوە شکاند. هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 87.3 لەسەد بەرز بووەوە، هەڵاوسانی وەرزانە لە 28.3 لەسەدی بەهارەوە بۆ 22.4 لەسەد دابەزی، بەڵام قەبارەی زیادبوونی نرخەکان لە هاویندا 1.9 خاڵ لە بەهار زیاتر بوو، پێنوێنی گشتیی نرخەکان گەیشتە 751.6 خاڵ.
ئەم ریکۆردە بەهۆی سێ وەرزی لەسەریەکی هەڵاوسانی سەرووی 20 لەسەدەوە تۆمار کراوە. هەڵاوسانی وەرزانە لە زستانی 2025 بۆ 2026دا 24.8 لەسەد، لە بەهاری 2026دا 28.3 لەسەد و لە هاویندا 22.4 لەسەد بووە. بەمەش نرخی بەرهەمهێنەر لە کۆتایی پاییزی 2025ـوە تا کۆتایی هاوینی 2026 نزیکەی 96 لەسەد، واتە نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە؛ ئەم رێژەیە زیاتر لە 3.4 هێندەی تێکڕای مێژوویی 6.5 لەسەدی 15 ساڵی رابردووە.
کەرتی پیشەسازی بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی گرانییەکان و هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بۆ 147.3 لەسەد هەڵکشاوە، ئەمەش 77 لەسەدی هەڵاوسانی هاوینی پێک هێناوە. لە ناو پیشەسازیدا، بەرهەمە پاڵاوتەییەکانی نەوت بە هەڵاوسانی وەرزانەی 80.2 لەسەد و خاڵ بە خاڵی 199.1 لەسەد، گەورەترین بازدانیان تۆمار کردووە. نزیکەی 33 لەسەدی گرانیی هاوینە تەنیا بەهۆی بەرهەمە پاڵاوتەییەکانەوە بووە.