سێیەمین رۆژی لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر بەردەوامە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دووەمین رۆژی یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر بەردەوام دەبێت.
لووتکەکە لە ژێر دروشمی "نەخشاندنی داهاتوو" بەڕێوەدەچێت، لە لایەن "کوردستان فاوندەیشن"ـەوە رێکخراوە و بەردەوام دەبێت.
لووتکەکە زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان، عێراق و 47 وڵاتی جیهانەوە لەگەڵ وەزیران، بەرپرسانی حکوومی، سەرمایەداران، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوبەشان، قسەکەران و سەرکردە گەنجەکانی ناوچەکە و جیهان لەسەر یەک سەکۆ کۆدەکاتەوە.
بەپێی کارنامەی فەرمیی لووتکەکە، لە لووتکەی جیهانیی لاوان - کوردستان 2026ـدا گەنجان تەنیا ئامادەبوو نین، بەڵکوو دەخرێنە چەقی گفتوگۆکانەوە، خۆیان پانێڵەکان بەڕێوەدەبەن، شانبەشانی وەزیران دادەنیشن و بەشداری لە داڕشتنی پێشنیازی سیاسەتی راستەقینەدا دەکەن.
سەرجەم دانیشتنەکان لە چوارچێوەی پێنج بواری سەرەکیدا رێکخراون کە لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی درێژخایەنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەگونجێن، لەوانە: گۆڕانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد، پەروەردە و لێهاتووییەکان بۆ داهاتوو، کەشوهەوا و گەشەپێدانی درێژخایەن، داهاتووی کار و تەکنەلۆژیا، هەروەها هەلی کاری سەوز، سەرکردایەتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی.
شەش پانێڵی گفتوگۆ بە بەڕێوەبردنی گەنجان، شەش گوتاری سەرەکیی سەرکردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، 10 مێزی گفتوگۆ لە نێوان گەنجان و وەزیراندا، 12 وۆرکشۆپ و واژۆکردنی چوار یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچن.
لە رۆژی کۆتایی لووتکەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممەیە، چوار یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەگەڵ هاوبەشانی نێودەوڵەتی واژۆ دەکرێن، کە دەرگای نوێ بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە لە رێگەی پڕۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی گەنجان، راهێنان، بەهێزکردنی توانا و پڕۆگرامی هاوبەشەوە، بۆ ئەوەی سێ رۆژەکەی هەولێر ببێتە هەوێنی هاوکارییەکی درێژخایەن دوای تەواوبوونی لووتکەکەش.
هەر لە رۆژی سێیەمدا، بە وردی تیشک دەخرێتە سەر پڕۆژەکانی دەستپێشخەریی "10 گرفت 10 چارەسەر" و گەنجە بەشداربووەکان دەناسێنرێن.
کوردستان فاوندەیشن تۆڕێکی رێکخراوەیی ناحکوومییە، لە ساڵی 2024 لە لایەن ئارین مەسرور بارزانییەوە دامەزراوە و کار بۆ بەهێزکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکات لە رێگەی سێ کۆڵەکەی سەرەکییەوە: "نیشتیمانیبوون، بونیادنان، پێشکەوتن".
ئارین مەسروور بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن، لە پەیامێکدا بۆ لووتکەکە رایگەیاندووە، "کوردستان دەرگاکانی بە رووی لاوانی جیهاندا دەکاتەوە، نەک تەنیا وەک میوان، بەڵکوو وەک هاوبەش لە نەخشاندنی داهاتوودا".