ئارین بارزانی لەگەڵ چەند میوانێکی نێودەوڵەتی کۆبووەوە
لە چوارچێوەی رۆژی دووەمی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان 2026، ئارین بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن"Kurdistan Foundation"، رۆژی چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026 لە پارکی شانەدەر لە هەولێر لە کاتی بەڕێوەچوونی بەرنامەی 10 کێشە، 10 چارەسەردا لەگەڵ ژمارەیەک میوانی نێودەوڵەتی کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکانیدا، ئارین بارزانی لەگەڵ شێخ یوسف عەبدوڵڵا سەباح لە دەوڵەتی کوەیت، غانم موفتاح، کەسایەتیی دیار و کاریگەری کۆمەڵگە لە قەتەر و تۆبی هاوارد، نوێنەری کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە عێراق کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکان هاوکات بوون لەگەڵ بەڕێوەچوونی دەستپێشخەریی سەرەکیی کوردستان فاوندەیشن"Kurdistan Foundation" بە ناونیشانی "10 کێشە، 10 چارەسەر"، کە تێیدا لاوانی خاوەن توانای گۆڕانکاری لەگەڵ وەزیرانی حکوومەت و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی کۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەلایەن لاوانی سەرانسەری هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراون و داڕشتنی پێشنیار و سیاسەتی کردەیی و شیاوی جێبەجێکردن.
لە بەرنامەکەدا دە مێزی تایبەت بە داڕشتنی سیاسەت هاوکات کاریان کرد و کێشە و ئاستەنگەکانی دە تەوەری جیاوازیان تاوتوێ کرد کە بریتی بوون لە: کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ، رۆشنبیری و لاوان، شارەوانی، بازرگانی و ئابووری، کۆمەڵگە و گشتگیری، هەروەها گواستنەوە و گەیاندن.
کێشە و ئاستەنگەکان پێشتر لە رێگەی راپرسییەکانی پێش بەڕێوەچوونی لووتکەکەوە دیاری کرابوون، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی گفتوگۆکان رەنگدانەوەی نیگەرانی، لەپێشینەکان و خواستەکانی لاوان بن. لە نێو چارەسەرە پێشنیازکراوەکانیشدا، چاکسازیکردن لە پێوەرەکانی وەرگرتن لە زانکۆ بە زیادکردنی چاوپێکەوتن لە پاڵ نمرەکانی پۆلی دوازدە، هەروەها چەند دەستپێشخەرییەک بۆ پاڵپشتیکردنی کارسازیی لاوان لە بواری کشتوکاڵ، زیندووکردنەوەی کۆمەڵگە گوندنشینەکان و بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی خرانەڕوو.
کوردستان فاوندەیشن لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە هەوڵ دەدات پەیوەندی و هاوکاریی راستەوخۆ لە نێوان لاوان و دامەزراوە حکوومییەکاندا بەهێز بکات، رۆڵێکی کاریگەر بە لاوان لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا ببەخشێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت تا بەشداری لە دۆزینەوەی چارەسەری کردەیی بۆ کێشە و ئاستەنگەکانی کۆمەڵگە و پەرەپێداندا بکەن.
کۆبوونەوەکانی ئارین بارزانی بەشێک بوون لە چالاکی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە فراوانەکانی لووتکەکە، کە بە بەشداریی شاندی 47 وڵات و لەژێر دروشمی سەرەکیی "داڕشتنی داهاتوو" بەڕێوە دەچێت، وەک سەکۆیەک بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لاوان، هاوکاریی نێودەوڵەتی و کاری هاوبەش، لە رێگەی بەستنەوەی خواست و ئاواتەکانی لاوان بە شارەزایی و ئەزموونی سەرکردە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە.