لە ژێر گوشاری ژیریی دەستکرد و سوودی بانکی؛ بۆرسەی ئەمریکا رۆژێکی پڕ هەڵبەز و دابەزی بەڕێکرد
پشکەکانی ئەمریکا مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەیان بە دابەزین کۆتایی پێهێنا، ئەمەش دوای دانیشتنێکی پڕ لە هەڵبەز و دابەزی توند کە تێیدا پێنوێنی ناسداک 100 بۆ ماوەیەکی کورت چووە ناو بازنەی بازاڕی دابەزینەوە، پێش ئەوەی بەشێکی زۆری زیانەکانی قەرەبوو بکاتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی بلومبێرگ نیوز، پشکەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە دوای شەپۆلێکی توندی فرۆشتن، بەشێکی زۆری زیانەکانیان کەمکردەوە، دوای ئەوەی وەبەرهێنەران گەڕانەوە بۆ کڕینی پشکە دابەزیوەکان و بەشێوەیەکی کاتی نیگەرانییەکانی تایبەت بە داهاتووی ژیریی دەستکردیان پشتگوێ خست.
لە کاتی داخستنی بازاڕدا، پێنوێنی ناسداک 100 کە پشکە تەکنەلۆژییەکانی تێدایە، بە رێژەی 0.6% دابەزی، لەکاتێکدا لە سەرەتای مامەڵەکاندا بە رێژەی 4.7% دابەزیبوو. هەروەها پێنوێنی ستاندەرد ئاند پوورز 500 دوای ئەوەی لە کاتی مامەڵەکاندا 3.2% دابەزی، توانی زیانەکانی کەمبکاتەوە و بە دابەزینی 0.3% کۆتایی بە مامەڵەکان بهێنێت.
سەرەڕای توندیی پرۆسەکانی فرۆشتن، دابەزینەکە هەموو کەرتەکانی نەگرتەوە؛ پشکەکانی 7 کەرت لە کۆی 11 کەرتی سەرەکی لە پێنوێنی ستاندەرد ئاند پوورز 500 بە سەرۆکایەتی کەرتی ماددە سەرەتاییەکان بەرزبوونەوە. هاوکات پێنوێنی داو جۆنزی پیشەسازی ئاراستەی خۆی پێچەوانە کردەوە و بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە.
ناسداک لە بازاڕی دابەزین نزیک دەبێتەوە
دوای کردنەوەی بازاڕەکان بە دابەزینێکی توند، پێنوێنی ناسداک 100 بۆ ماوەیەکی کورت بە رێژەی 20% لە بەرزترین ئاستی پێشووی خۆی دابەزی، کە ئەمەش ئەو سنوورەیە پێناسەی "بازاڕی دابەزین" دەکات، پێش ئەوەی بە هێزەوە بگەڕێتەوە.
سندووقێکی وەبەرهێنان کە چاودێریی پشکی کۆمپانیاکانی دروستکردنی چیپە ئەلیکترۆنییەکان دەکات، لە کاتی داخستندا تەنیا بە رێژەی 0.5% دابەزی، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی دانیشتنەکەدا زیاتر لە 8% دابەزیبوو. لە بەرامبەردا، پێنوێنی هەڵبەز و دابەزی بازاڕ ناسراو بە "ڤیکس" (VIX) کە بۆ پێوانی ئاستی ترس لە بازاڕەکاندا بەکاردێت، بۆ نزیکەی 35 خاڵ بەرزبووەوە، پێش ئەوەی بۆ 28 خاڵ داببەزێت، بەڵام هێشتا لە ئاستێکدا مایەوە کە نیشانەی زیادبوونی گوشارەکانی سەر بازاڕە.
ئەم هەڵبەز و دابەزانەی چوارشەممە کەوتە ناو هەفتەیەکی کورتی کارکردن بەهۆی پشووی جەژنی سوپاسگوزارییەوە. رۆژی پێنجشەممە بازاڕەکان بەبۆنەی ئەو جەژنەوە داخران و بڕیاریشە رۆژی هەینی مامەڵەکان زووتر و لە کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی نیویۆرک کۆتاییان پێبێت.
نیگەرانییەکانی ژیریی دەستکرد لە پێشەوەی دیمەنەکەن
پشکەکانی ئەمریکا رۆژی دووشەممە شەپۆلێکی بەهێزی بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی بەهۆی گەشبینی بە گەڕانەوەی جێنسن هوانگ بۆ سەرکردایەتیکردنی کۆمپانیای ئینڤیدیا، بەڵام دواتر دەستکەوتەکان توانەوە کاتێک سەرنجی وەبەرهێنەران گۆڕا بۆ پرسیارە گەورەکان سەبارەت بە مەترسییەکان، تێچووەکان و ئاسۆی بەدەستهێنانی قازانج لە ژیریی دەستکرد.
جۆن کۆنیسۆن، گەورە بەرپرسی وەبەرهێنان لە بانکی "بێیکەر بۆیەر" بە بلومبێرگ نیوزی راگەیاند، هەڵبەز و دابەزەکان تا رادەیەکی زۆر پێشبینینەکراو بوون، ئاماژەی بەوەشکرد کۆمپانیاکەیان هاوسەنگیی جانتای وەبەرهێنانیان رێکدەخاتەوە لە رێگەی کەمکردنەوەی پشکەکانیان لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری گەشە و زیادکردنی وەبەرهێنان لەو پشکانەی قازانجی ساڵانە دابەش دەکەن.
لەلای خۆیەوە، رۆب فریزەن، سەرۆکی جێبەجێکاری کارەکان لە کۆمپانیای "برایت ترەیدینگ" روونیکردەوە، هەندێک لە بازرگانان سوودیان لە شەپۆلی دابەزینەکە وەرگرتووە بۆ کڕینی پشکەکان لە ئاستێکی نزمدا، بەڵام هۆشداریشی دا کە نیگەرانییەکان لەبارەی ژیریی دەستکردەوە هێشتا گەورەن و وەبەرهێنەرە گەشبینەکان لە ماوەی داهاتوودا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.
وەبەرهێنەران روو لە کەرتە بەرگریکارەکان دەکەن
لەگەڵ شڵەژانی پشکە تەکنەلۆژییەکان، کەرتەکانی دیکە سەرنجی وەبەرهێنەرانیان راکێشا، بەتایبەت خانووبەرە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کاڵا بەکاربەرییە سەرەتاییەکان، کە بەوە دەناسرێن دابەشکردنی قازانجیان جێگیرترە.
فراوانیی بازاڕ باشتر بوو، بەجۆرێک پشکی زیاتر لە 370 کۆمپانیا لە چوارچێوەی پێنوێنی ستاندەرد ئاند پوورز 500 بەرزبوونەوە، لە بەرامبەر دابەزینی کەمتر لە 130 کۆمپانیا. هەروەها پێنوێنی یەکسان-کێشی ستاندەرد ئاند پوورز 500 بە رێژەی 0.8% بەرزبووەوە و باشترین دەستکەوتی سێ رۆژەی لە دوای نیسانی 2025ـەوە تۆمارکرد بە کۆی گشتیی بەرزبوونەوەی 4%.
ئینڤیدیا پێشەنگی زیانەکانی تەکنەلۆژیایە
سەبەتەی پشکی حەوت کۆمپانیا گەورەکەی تەکنەلۆژیا کە بە "حەوت مەزنەکە" ناسراون، بە رێژەی 0.9% دابەزی، دوای ئەوەی لە کاتی دانیشتنەکەدا تا 5% دابەزیبوو.
کۆمپانیای ئینڤیدیا زۆرترین زیانی بەرکەوت و پشکەکانی لە کاتی داخستندا بە رێژەی نزیکەی 4% دابەزین، دوای ئەوەی پێشتر زیاتر لە 9% دابەزیبوو. هەروەها پشکەکانی ئەمازۆن، تێسلا و مایکرۆسۆفت دابەزین، لەکاتێکدا پشکەکانی مێتا بە رێژەی 3.4% و ئەپڵ بە رێژەی 0.4% بەرزبوونەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پشکی کۆمپانیای "ئەنترۆپیک" گەشەپێدەری رۆبۆتی ژیریی دەستکردی "کلۆد"، بە رێژەی 1.1% بەرزبووەوە، بەڵام بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک لە خوار نرخی خستنەڕووی گشتیی سەرەتایی (IPO) مایەوە کە 83 دۆلار بوو بۆ هەر پشکێک، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو گەیشتبووە 115 دۆلار.
هەڵاوسان پێشبینییەکانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەهێز دەکات
بڵاوبوونەوەی داتاکان کە دەریدەخەن هەڵاوسان هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە، گوشاری زیاتری خستە سەر پشکەکان و پێشبینییەکانی بەهێزتر کرد کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵی) رەنگە مانگی داهاتوو رێژەی سوود بەرزبکاتەوە.
داتاکان دەریانخستووە کە پێنوێنی خەرجیی بەکاربەری کەسیی بنەڕەتی (کە خۆراک و وزە ناگرێتەوە)، لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە رێژەی 0.3% بەرزبووەتەوە. لەسەر ئاستی ساڵانەش پێنوێنە بنەڕەتییەکە بە رێژەی 3.3% و هەڵاوسانی گشتی بە رێژەی 3.8% بەرزبووەتەوە، کە زۆر لە سەرووی ئامانجی 2%ـی بانکی فیدراڵییەوەیە.
ئێریک دەیتۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای "زە وێڵس ئەلایەنس" بە بلومبێرگی راگەیاند، شەپۆلی دابەزینەکە لە ئەنجامی شڵەژانەکانی پەیوەست بە ئینڤیدیا، خولی بەرزکردنەوەی رێژەی سوود و نیگەرانییەکان لەبارەی گەیشتنی گەشەی قازانجی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان بە لووتکە، دروست بووە.
هاوکات وەبەرهێنەران چاودێریی پلانەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگیی نوێ بەسەر کاڵاکانی چین، یەکێتیی ئەوروپا و نزیکەی 12 ئابووریی دیکە، وەک هەوڵێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئەجێندای گومرگیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەوەی دادگای باڵا بە نادەستووری لەقەڵەمی دابوو.
جێد ئێلەربروک، بەڕێوەبەری جانتاکانی وەبەرهێنان لە کۆمپانیای "ئارجێنت کاپیتاڵ مەنەجمێنت" ئاماژەی بەوەکرد، پێداگریی بەرپرسانی بانکی فیدراڵی لەسەر چارەسەرکردنی هەڵاوسانی بەردەوام، ترسی دووبارە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی لە مانگی کانوونی یەکەمدا دروستکردووە. بەمەش پشکەکانی ئەمریکا بەرەو تۆمارکردنی خراپترین ئاستی خۆیان لە مانگی تشرینی دووەمدا هەنگاو دەنێن لە دوای قەیرانی دارایی جیهانیی ساڵی 2008ـەوە.