پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی: ئێران خەریکی دروستکردنی دامەزراوەیەکی سەربازییە لە ژێر زەوی

پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە واشنتن لە رێگەی وێنەی نوێی مانگی دەستکردەوە ئاشکرایکرد، ئێران سەرقاڵی بنیاتنانی دامەزراوەیەکی چەکداریی زۆر قایمکراوی ژێر زەوییە لە نێوان چیای بیکاکس و وێستگەی ئەتۆمیی ئیسفەهان لە ناوچەی بەهجەت ئاباد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، ئێران لە قۆناخی ئامادەکردنی زەوییەکی بەتاڵەوە هەنگاوی ناوە بۆ هەڵکەندنی دوو کۆمەڵە تونێلی جیاواز لە ژێر زەویدا. هەروەها سەرقاڵی دروستکردنی ژێرخانێکی ئەمنییە کە رووبەرەکەی دەگاتە 50 کیلۆمەتر دووجا لەو ناوچەیەدا.

ئەو ناوەندە ئەمریکییە روونیکردەوە، هەرچەندە ئێستا ئەرکی دامەزراوەکە نادیارە، بەڵام ئەگەری هەیە پەیوەندیی بە چەند بەکارهێنانێکی سەربازییەوە هەبێت، وەک بەرهەمهێنانی مووشەک یان سیستەمە چەکدارییە قورسەکانی دیکە.

پەیمانگەکە لە خەمڵاندنەکانیدا پشتی بەو رێوشوێنە ئەمنییانە بەستووە کە لە شوێنەکەدا گیراونەتەبەر، لە پاڵ سروشتی کارەکانی بنیاتنان و خێرایی جێبەجێکردنیان، جگە لە شێوازی دامەزراوەکانی پێشووی ئێران. لە هەمان کاتدا، ئەو ناوەندە ئەگەری ئەوەشی رەت ناکاتەوە کە دامەزراوەکە ئامانجێکی ئەتۆمیی هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، تاران لەم دواییانەدا دەستی بە دانانی بەربەستی ئەمنیی دەوروبەری دامەزراوەکە کردووە و پێشبینی دەکرێت رووبەرەکەی بگاتە نزیکەی پێنج هەزار مەتر دووجا. وێڕای ئەوەی ئێران ژمارەیەکی زۆری لەو جۆرە دامەزراوانە دروستکردووە کە لە رووی جوگرافییەوە لێک دابڕاون، بەڵام دامەزراوە نوێیەکە بە خێراییەکی نائاسایی لە کارەکانی بنیاتنانیدا جیادەکرێتەوە.

شوێنی دامەزراوەکە دەکەوێتە نزیکەی نیوەی مەودای نێوان کۆمەڵگەی ئەتۆمیی ئەسفەهان و چیای فاس، کە لە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنزەوە نزیکە.

پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەوەشی روونیکردەوە، وێنەکانی مانگی دەستکرد لە کۆمپانیای "فانتۆر تەکنۆلۆجیز" دەستکەوتوون، کە سێ دانەیان مێژووی 24ـی تشرینی دووەمی ئەم مانگەیان لەسەرە.