فرۆشی ئۆتۆمبێل لە عێراق بە رێژەی 31.1% دابەزی

ماڵپەڕی "Focus2Move" کە تایبەتە بە داتای بازاڕەکانی ئۆتۆمبێل بڵاویکردەوە، فرۆشی ئۆتۆمبێل لە عێراق لە 9 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بە رێژەی 31.1% پاشەکشەی کردووە و 95,451 ئۆتۆمبێل تۆمار کراون.

بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕەکە، براندی (کیا) سەرەڕای دابەزینی فرۆشی بە رێژەی 27%، پێشەنگی بازاڕی گرتووە. لە دوای ئەویش (تۆیۆتا) بە دابەزینی 28.4% و پاشان (MG) بە دابەزینی 33.7% دێن. هاوکات (جیتۆر) بە تۆمارکردنی گەشەیەکی کەمی 0.3% لە پلەی چوارەمدا هاتووە و لە دوای ئەویش (نیسان) بە دابەزینی 27.4% دێت.

لە نێو براندە بازرگانییەکاندا، (SOUEAST) بەرزترین رێژەی گەشەی تۆمار کردووە و فرۆشی بە رێژەی 305.6% بەرزبووەتەوە. لە بەرامبەردا فرۆشی (گرێت وۆڵ) بە رێژەی 0.5% و (فۆرد) بە 4.7% دابەزیون، هەروەها فرۆشی (هیوندای) بە رێژەی 61.4%، (شیڤرۆلێت) بە 65% و (چێری) بە رێژەی 68.7% دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.

راپۆرتەکە روونیکردەوە، بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبریدەکان لە عێراق پاشەکشەیەکی گەورەتریان بەخۆوە بینیوە. فرۆشی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە لەو ماوەیەدا بە رێژەی 61.8% دابەزیوە و پشکیان لە کۆی گشتیی بازاڕدا بۆ 2.2% کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 4% بووە.

لەسەر ئاستی ئەم کەرتەش، (تۆیۆتا) سەرەڕای دابەزینی فرۆشی بە رێژەی 79.7% لە پێشەنگدا ماوەتەوە. هەردوو براندی (BYD) و (دێنزا) وەک دوو براندی نوێ لە داتاکانی بازاڕدا پلەی پێشەوەیان گرتووە، هاوکات (تانک) تاکە براند بووە لە نێو ئەو براندانەی فرۆشیان شایەنی بەراوردکردنە کە گەشەی بەدەستهێناوە و رێژەی فرۆشەکەی 93.8% بەرزبووەتەوە.

بازاڕی ئۆتۆمبێلی عێراق لە نێوان ساڵانی 2021 و 2024دا گەشەیەکی بەردەوامی تۆمار کردبوو و فرۆشی لە 87,101 ئۆتۆمبێلەوە بۆ 168,069 ئۆتۆمبێل بەرزبووبووەوە. پاشان لە ساڵی 2025دا فرۆش بە رێژەی 0.7% دابەزی و 166,833 ئۆتۆمبێل تۆمار کرا، دواتریش لەمساڵدا بازاڕەکە چووەتە قۆناغێکی توندی پاشەکشەوە.