شنایدەر زۆربەی یادگارییەکانی دەفرۆشێت

وێسلی شنایدەر
وێسلی شنایدەر

وێسلی شنایدەر ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی هۆڵەندا و یانەکانی ئینتەر میلان و ریال مەدرید، بەهۆی ئەوەی لە تورکیا زیانێکی زۆری دارایی کردووە، بڕیاریداوە زۆربەی ئەو یادگارییانەی لە سەردەمی یاریزانی وەکو درێس و تۆپ و مێدالیای دەستکەوتووە بفرۆشێتەوە.

لە هەژماری فەرمی Motivaciones Fútbol بڵاوکرایەوە وێسلی شنایدەر یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، بەهۆی ئەو کێشە داراییەکانی کە بەرۆکی گرتوون بڕیاریداوە بە فرۆشتنی بەشێک لەو یادگارییانەی لەسەردەمی یاریزانیدا دەستکەوتوون و بەم دواییەش ئەو درێسەی سێرخیۆ رامۆس بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە فاینەڵی مۆندیالی 2010 وەکو یادگاری پێشکەش کرد فرۆشتیەوە.

 

ئەو یاریزانە هۆڵەندییە دوای ئەوەی درێسەکەی رامۆسی لە زیاد کردنی ئاشکرا نمایش کرد، توانی نزیکەی 65 هەزار و 126 یۆرۆ لە فرۆشتنی ئەو درێسەی کە نزیکەی 16 ساڵە پاراستویەتی بەدەست بهێنێت. هەروەها ئەو یاریزانە بەشێکی دیکەی زۆری یادگارییەکانی فرۆشتۆتەوە.

بێجگە لە درێسەکەی سێرخیۆ رامۆس درێسی خۆی لە فاینەڵی مۆندیالی 2010 بە نزیکەیی 5 هەزار یۆرۆ و تۆپی زیوی هەمان مۆندیال بە نزیکەیی 19 هەزار یۆرۆ و میدالیای برۆنزی مۆندیالی 2014 بەرامبەر 6 هەزار و 500 یۆرۆ و ئەو تۆپەی هۆڵەندا توانی بەڕازیل لە مۆندیالی 2014 دووربخاتەوە بەرامبەر 6 هەزار و 100 یۆرۆ و مێدالیای هەمان مۆندیالی بەرامبەر هەزار و 24 یۆرۆ فرۆشتووە.

 

وێسلی شنایدەر لە کۆتایی ساڵی 2025 خۆی لە پۆدکاستێکدا ئاشکرای کرد کە بووەتە قوربانی فێڵێکی مامەلەی خانووبەرە لە تورکیا، بڕێکی بەرچاوی وەبەرهێنانی لە موڵکەکاندا کردبوو کە دروستکرابوون بەڵام یەک یۆرۆی بەدەست نەهێنابوو. بۆیە زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەو یاریزانە بەهۆی ئەو فێڵەوە شکستی دارایی هێناوە، بۆیە بڕیاریداوە بە فرۆشتنی بەشێکی زۆری یادگارییەکانی.