ئیدارەی ترەمپ فشاری خستووەتە سەر عێراق و ڤەنزوێلا بۆ کشانەوە لە رێکخراوی ئۆپێک
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایان کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵدا هانی هەریەک لە عێراق و ڤەنزوێلای داوە بۆ کشانەوە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو هەنگاوەی رەتکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی 10 سەرچاوەی ئاگادار، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا جگە لە هاندانی هەردوو وڵات بۆ جێهێشتنی رێکخراوەکە، رێگریشی لە ڤەنزوێلا کردووە لە پێدانی رسووماتی ساڵانەی ئەندامێتییەکەی لە ئۆپێکدا. ئەم هەنگاوە نهێنییانە دوو لە پێنج ئەندامە دامەزرێنەرەکەی ئۆپێکیان کردووەتە ئامانج و وەک ئاڵنگارییەکی راستەوخۆی واشنتن دژی ئەو رێکخراوە دادەنرێت کە ترەمپ بەردەوام بە هێشتنەوەی نرخی نەوت بە بەرزی تۆمەتباری دەکات.
سەرچاوەکان روونیان کردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکا لەو کاتەدا فشاریان دەکرد بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو وڵاتدا و نیگەران بوون لەوەی کۆتوبەندەکانی ئۆپێک ببنە رێگر لەبەردەم ئەو ئامانجەدا.
سەبارەت بە عێراق، دوو سەرچاوەی ئاگادار ئاماژەیان بەوە کردووە کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هاوینی ئەمساڵدا و دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی حکوومەتدا ئەگەری کشانەوەی عێراقی لە ئۆپێک خستووەتە روو. بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق دژایەتیی ئەو بیرۆکەیەی کردووە و سەرۆکوەزیرانی رازی کردووە کە عێراق لەناو رێکخراوەکەدا بمێنێتەوە و لە بری کشانەوە، هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی پشکێکی بەرزتری بەرهەمهێنان بدات.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە رێگریکردن لە ڤەنزوێلا بۆ پێدانی رسووماتەکانی نەدایەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە واشنتن دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی پارە حکوومییەکانی ڤەنزوێلا کە ئێستا لە هەژمارێکی ژێر بەڕێوەبردنی ئەمریکادان و دوای لادانی مادۆرۆ دروستکراوە.
لەو بارەیەوە، دان ئالاماریۆ، گەورە شیکاری جیۆسیاسی لە دامەزراوەی "ئەلپاین ماکرۆ" رایگەیاندووە، مەترسیی لێکترازانی رێکخراوی ئۆپێک رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت. جێی ئاماژەیە ئیمارات لە سەرەتای ئەمساڵدا کشانەوەی خۆی لە ئۆپێک راگەیاند، پێشتریش هەریەک لە ئەنگۆلا لە ساڵی 2024، ئیکوادۆر لە 2020 و قەتەر لە 2019 لەو رێکخراوە کشاونەتەوە.