بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا: پۆستەکەی ترەمپ وەک فڕێدانی نارنجۆکە بۆ ناو کێشەی هەولێر و بەغدا

ڤیکتۆریا تەیلەر: پشتیوانیکردن لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز هەڵوێستی جێگیری هەردوو پارتەکەی ئەمریکایە

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران رایگەیاند، پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ وەک فڕێدانی نارنجۆکە بۆ ناو کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و لە بری داواکردنی پابەندبوون بە دەستوور، لایەنگیریی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە.

هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، ڤیکتۆریا تەیلەر یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران تەیلەر لەبارەی لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکاوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لای خۆی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: راگەیاندراوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی ئەمەریکا وەک ئەوە وایە نارنجۆک لەناو کێشەی نێوان بەغدا و هەولێردا فڕێ بدرێت».

بەرپرسە پێشووەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونی کردەوە، راگەیاندراوەکە بێ ئەوەی داوای پابەندبوون بە دەستووری عێراق، دانوستان و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی بکات، بە شێوەیەکی یەکلایەنە پشتیوانی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکات، بەمەش وا دەردەکەوێت کە حکوومەتی ئەمریکا پشتیوانی لە بەناوەندیکردنی زیاتری دەسەڵات لە بەغدا دەکات.

بە گوتەی تەیلەر، ئەگەر ئەمە هەڵوێستی فەرمیی واشنتن نەبێت، ئەوا راگەیاندراوەکە لە کاتێکی زۆر نەگونجاودا بڵاو کراوەتەوە، چونکە تەنیا چەند رۆژێک ماوە بۆ کۆبوونەوەی بڕیارلەسەردراوی نێوان سەرکردە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئەوەشی خستەڕوو کە لایەنگرییەکی بەهێز بۆ سەرۆکوەزیران، هەموو هەوڵێکی راستەقینە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر کێشە ئاڵۆز و کۆنەکان لاواز دەکات و پێگەی ئەمریکاش وەک نێوەندگیرێکی متمانەپێکراو دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ڤیکتۆریا تەیلەر دووپاتی کردەوە، نابێت ئەمریکا هەڵوێستی لەو شێوەیەی هەبێت، بەڵکوو دەبێت داوای پابەندبوون بە دەستوور و دانوستان لەسەر خاڵە ناکۆکەکان بکات نەک پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکان، هاوکات پێویستە واشنتن هەموو لایەنەکان بەبیر بهێنێتەوە کە پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر لە چوارچێوەی عێراقدا دەکات، کە ئەمەش هەڵوێستێکی جێگیرە و هەردوو پارتی سەرەکی لە ئەمریکا پشتیوانی لێ دەکەن.

لەبارەی تێڕوانینی واشنتنیشەوە بۆ بەناوەندیکردنی دەسەڵات، تەیلەر گوتی: تێدەگەم کە ویستێک لە حکوومەتی ئەمریکادا هەیە بۆ لایەنگری لە بەناوەندیکردن و ئەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ یەک سەرکردەدا ئاسانترە، بەڵام با روون بین؛ تەنانەت لە بەغدا و لەناو شیعەکانیشدا ناتوانیت تەنیا لەگەڵ یەک سەرکردەدا مامەڵە بکەیت، چونکە چوارچێوەی هەماهەنگی خۆی ئێستا زیاتر لە 12 سەرکردەی هەیە.

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێداگریی کرد کە ئەم راگەیاندراوە پەیوەندیی بە قاچاخکردنی نەوتەوە نییە و نابێت فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فرۆشتنی نەوت لەلایەن گرووپی کەتائیب حزبوڵڵا لە جورف سەخر تێکەڵ بکرێت، روونیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە لەژێر پاراستنی دەستووردایە و خاوەنی حکوومەتی خۆیەتی، بەڵام ئەوەی دیکە گرووپێکی تیرۆریستییە.