تاقیکردنەوەیەکی نوێ لەسەر مشک؛ رۆبۆتە نانۆییەکان لە رێگەی رووناکییەوە دەرمان دەگەیەننە مێشک

توێژەران جۆرە رۆبۆتێکی زۆر وردیان پەرەپێداوە کە لە رێگەی خوێنەوە دەچنە ناو لەش و بە تیشکی رووناکی چالاک دەکرێن بۆ گەیاندنی دەرمان بە مێشک، ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار.

توێژەرانی پەیمانگای تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیا تەکنەلۆژیایەکی نوێیان داهێناوە کە بریتییە لە رۆبۆتی نانۆیی زۆر بچووک، دەتوانرێت لە رێگەی دەرزییەوە بکرێنە ناو خوێن و بە بەکارهێنانی رووناکی چالاک بکرێن، تاوەکو یەکێک لە سەختترین بەربەستە سروشتییەکانی لەشی مرۆڤ ببڕن و دەرمان بگەیەننە مێشک.

بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری زانستیی "ساینس رۆبۆتیکس" بڵاوکراوەتەوە و رۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز"ی بەریتانی تیشکی خستووەتە سەر، ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە توانیویەتی 5 هێندەی رێگە باوەکان دەرمان بگەیەنێتە مێشکی مشکە تاقیکراوەکان، لە هەمان کاتدا کاریگەرییە ژەهراوییەکانی چارەسەری کیمیایی لەسەر بەشەکانی دیکەی لەش کەمکردووەتەوە.

بەربەستێک کە مێشک دەپارێزێت بەڵام رێگرە لە چارەسەرکردنی

بەربەستی خوێن-مێشک یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی پاراستنی سروشتیی مێشک؛ رێگە بە تێپەڕبوونی ئۆکسجین و ماددە خۆراکییە پێویستەکان دەدات، بەڵام رێگری لە گەیشتنی ماددە زیانبەخش و میکرۆبەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پاراستنە دەبێتە بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنی زۆرێک لە نەخۆشییەکان، چونکە ناهێڵێت دەرمان بە رێژەی پێویست بگاتە مێشک، ئەمەش پزیشکان ناچار دەکات بڕی زیاتری دەرمان بەکاربهێنن کە زیان بە ئەندامەکانی دیکەی لەش دەگەیەنێت.

رۆبۆتەکان چۆن کار دەکەن؟

توێژەران ناوی "برەین بۆتس" (Brain Bots)یان لە رۆبۆتە نوێیەکان ناوە، قەبارەی هەر یەکێکیان نزیکەی 250 نانۆمەترە، واتە بە سەدان جار لە پانیی تاڵە قژێکی مرۆڤ بچووکترن. ئەم رۆبۆتانە بزوێنەری کارەبایی یان پاترییان نییە، بەڵکوو پشت بە کارلێکی کیمیایی دەبەستن کە بە رووناکی چالاک دەکرێت و بەم قۆناخانە کار دەکەن:

1-رۆبۆتە هەڵگرەکانی دەرمان لە رێگەی خوێنەوە دەکرێنە ناو لەش.
2-تیشکی ژێر سووری نزیک لە رێگەی کاسەی سەرەوە ئاراستەیان دەکرێت بۆ چالاککردنیان.
3-وزەی رووناکییەکە گەرمییەک دروست دەکات کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی گازێک و رۆبۆتەکان بەرەو خانەکانی بەربەستی مێشک پاڵ دەنێت.
4- گەردیلە تایبەتەکانی ترشی ناوەکی (DNA) کە لەسەر رووی رۆبۆتەکان جێگیر کراون، خانەکانی بەربەستی مێشک دەناسنەوە و پێیانەوە دەلکێن.
5- خانەکان رۆبۆتەکان دەگوازنەوە ناو مێشک و لەوێ وردە وردە شیدەبنەوە و دەرمانەکە دەردەدەن.

ئەنجامی دڵخۆشکەر لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەدا

توێژەران ئەم تەکنەلۆژیایەیان لەسەر ئەو مشکانە تاقیکردەوە کە تووشی گرێی مێشک (گلیۆبلاستۆما) بووبوون، بە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی "دۆکسۆروبیسین". تاقیکردنەوەکان دەریانخست چالاککردنی رۆبۆتەکان بە رووناکی بووەتە هۆی باشترکردنی گەیشتنی دەرمان بە مێشک، خاوکردنەوەی گەشەی گرێیەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی مشکەکان، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە بەربەستی خوێن-مێشک بگات.

جگە لە چارەسەری شێرپەنجە، توێژەران هیواخوازن ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ گەیاندنی دەرمان بۆ نەخۆشییە دەمارییەکانی دیکەش وەک نەخۆشیی پارکینسۆن بگونجێنن.

کەی مرۆڤ سوودی لێ دەبینێت؟

سەرەڕای ئەنجامە دڵخۆشکەرەکان، تەکنەلۆژیاکە هێشتا لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە لەسەر ئاژەڵ و لەسەر مرۆڤ تاقینەکراوەتەوە. توێژەران رووبەڕووی ئاستەنگێکی دیکەش دەبنەوە ئەویش ئەوەیە کە کاسەی سەری مرۆڤ زۆر ئەستوورترە لە هی مشک، ئەمەش رەنگە گەیاندنی رووناکیی پێویست بۆ چالاککردنی رۆبۆتەکان قورستر بکات.

لەم بارەیەوە تیم ڤاینی، توێژەر لە زانستی دەمار لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، ستایشی بیرۆکە ئەندازیارییەکەی کرد، بەڵام گومانی خۆی نیشاندا لە ئەگەری گواستنەوەی راستەوخۆی ئەنجامەکان بۆ سەر مرۆڤ. تیمە توێژەرەکەش کار لەسەر باشترکردنی کارایی و سەلامەتیی رۆبۆتەکان دەکەن پێش ئەوەی بچنە قۆناخی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ.