پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان: 1100 کۆچبەر لە دەریادا رزگار کران
لە دوو رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 1,100 کۆچبەر کە بە بەلەم لە باکووری ئەفریقاوە بەڕێکەوتبوون، گەیشتنە دوورگەکانی کریت و غافدۆس لە یۆنان. بەگوێرەی ئامارەکانی پاسەوانی کەناراوەکان، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، تەرمی دوو کەس دۆزرایەوە کە رۆژی شەممە گەیشتبوونە کەناراوەکان.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی پاسەوانی کەناراوەکان کە هەینی و دوێنێ شەممە بڵاوکرانەوە، دەسەڵاتدارانی یۆنان و ئاژانسی پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا (فرۆنتێکس) لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیی هەینییەوە تا پاشنیوەڕۆی شەممە، توانییان زیاتر لە 1,100 کەس لەو بەلەمانە رزگاربکەن کە لە ئاوەکانی نزیک دوورگەی کریت و دوورگەی گافدۆس لە باشووری ئەو وڵاتەدا بوون.
پاسەوانی کەناراوەکان رایگەیاند، لەنێو گەیشتوواندا 41 رزگاربوو هەبوون، هەروەها تەرمی دوو کەسیش لە ناوچەیەکی بەردینی کەناراوەکانی دوورگەی غافدۆس دۆزرایەوە. هەرچەندە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو دوو کەسە دەستبەجێ روون نەبووەتەوە، بەڵام میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، ئەو بەلەمەی تێیدابوون لە کاتی گەیشتن بە دوورگەکە، بەر بەرد کەوتووە.
پاسەوانی کەناراوەکان روونیکردەوە، چوار لە رزگاربووان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەیەکی دوورگەی کریتی دراوسێ کراون.
زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران بۆ یۆنان لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئەو وڵاتە رێکارێکی توندی بەرامبەر بە دۆسیەی کۆچبەران گرتووەتەبەر. هاوکات یۆنان یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی یەکێتیی ئەوروپا کە هەوڵ دەدەن ناوەندێکی گەڕاندنەوەی کۆچبەران لە رواندا دابمەزرێنن، بە جۆرێک لە ساڵی داهاتووەوە ئەو داواکارانی پەنابەرییەی داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە، بە مەبەستی رێگریکردن لە گەیشتنی خەڵکی زیاتر بۆ ئەوروپا، رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنەیان لەم پلانەی هەریەک لە نەمسا، دانیمارک، ئەڵمانیا، یۆنان و هۆڵەندا گرت.
یۆنان ماوەیەکی درێژە وەک دەروازەیەکی سەرەکی بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران و پەنابەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئاسیا بەرەو ئەوروپا دەناسرێت. لە ساڵانی 2015 و 2016دا ئەو وڵاتە لە لووتکەی قەیرانی کۆچبەریی ئەوروپادا بوو، کاتێک نزیکەی یەک ملیۆن کەس گەیشتنە دوورگەکانی، کە زۆربەیان لە رێگەی تورکیاوە هاتبوون، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی ئەسینا چاودێرییە دەریایی و سنوورییەکانی چڕکردەوە، کۆی ژمارەی کۆچبەرانی گەیشتوو کەمی کرد.
سەرەڕای ئەمەش، گەیشتنی کۆچبەران لە لیبیاوە، کە زۆربەیان خەڵکی بەنگلادیشن یان ئەوانەن لە توندوتیژییەکانی سوودان هەڵاتوون، لە چەند ساڵی رابردوودا زیادی کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی کردنەوەی رێڕەوێکی باشووریی نوێ بەرەو دوورگەکانی گافدۆس و کریت.
ئەم شەپۆلەی کۆچبەران بووەتە هۆی زیادبوونی پشتیوانی بۆ پارتە نەتەوەیی و راستڕەوەکان لە سەرانسەری ئەوروپادا، هەروەها زۆر لە حکوومەتەکانیشی ناچارکردووە سیاسەتی کۆچبەریی توندتر بگرنەبەر کە سەرنج دەخەنە سەر کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، رێگریکردن لە گەیشتنی کۆچبەران و گەڕاندنەوەیان.