فینانشال تایمز: شەش درۆن بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان لە بەریتانیا بەزاند
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی فینانشال تایمزی بەریتانیی راگەیاند، سەرەتای ئەم مانگە شەش درۆن بە دەوروبەری بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیادا سووڕاونەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرن.
13ـی تشرینی دووەم، لە بنکەی ئاسمانیی لاکنهێت لە ناوچەی سوفۆڵک لە رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا، هۆشدارییەکی ئەمنی راگەیەندرا و داوا لە کارمەندانی ئەمریکی کرا لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە. هەرچەندە ئەو رووداوە لەو کاتەدا راگەیەندرا، بەڵام وردەکارییەکی کەمی لێ ئاشکرابوو.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، درۆنەکان بەهۆی کەرەستەی بەرگریی ئەمریکییەوە لە بنکەکە دوورخراونەتەوە، بەڵام هیچ کام لەو فڕۆکانە نەدۆزراونەتەوە.
بنکەی لاکنهێت کە باڵی 48ـی جەنگی لەخۆدەگرێت، گەورەترین ناوەندی ئۆپەراسیۆنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکایە لە ئەوروپا و نزیکەی 7 هەزار سەرباز تێیدا کاردەکەن. هاوکات سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە گومانی پەیوەندیداربوونی ئێران بەو رووداوەوە دەکرێت.
ئەو سەرچاوانە روونیکردەوە، نەتوانینی دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەکان پرسیاری لەبارەی ئەوەوە دروستکردووە ئایا هیچ بارێکیان پێبووە یان نا، بەو هۆیەوە بەرپرسانی بەریتانیا و ئەمریکا رەت ناکەنەوە کە فڕۆکەکان هەڵگری چەک، ئامێری سیخوڕی یان کەرەستەی دیکە بووبێتن.
مانگی ئەیلوولی رابردوو، بنکەکە پشتڕاستیکردەوە کە لە ئاستی هۆشداریی "تشارلی"دایە، کە دووەم بەرزترین ئاستی هەڕەشەیە و لەلایەن پێنتاگۆن دیاریکراوە.
ئەم رووداوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک پێشهاتی ئەمنیدایە کە ئەمساڵ لەو بنکانەی بەریتانیا تۆمارکراون کە لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێن، لەنێویاندا تۆمەتەکانی "پیلانی تیرۆریستی" لە بنکەی فێرفۆرد لە ناوچەی گلۆستەرشایر لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا.
پێشتر ئێران هەر جۆرە تێوەگلانێکی لەو رووداوانەدا رەتکردبووەوە. لەلایەکی دیکەوە، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا 13ـی تشرینی دووەم پشتڕاستیکردەوە مامەڵەی لەگەڵ "چالاکیی گوماناویی درۆنی بێ مۆڵەت" لە بنکەکەدا کردووە و جەختیکردەوە: "هیچ زیانێک بەر کارمەندان، فڕۆکەکان یان ژێرخانەکە نەگەیشتووە".