هەناردەی گازی شلی عێراق بەهۆی گرژییەکانی هورمز 86% دابەزیوە
روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنەکانی گەرووی هورمز و گرژییە ناوچەییەکان، هەناردەی گازی شل کە بە گازی چێشتخانە ناسراوە، بە رێژەی نزیکەی 86% دابەزیوە.
ئەمڕۆ شەممە،، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەرهەمهێنانی گازی وشک لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە نزیکەی یەک ملیار پێ سێجا لە رۆژێکدا، بۆ 1.67 ملیار پێ سێجا لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، بەگوێرەی ئامارەکان، بەرهەمهێنانی گازی شل لە نزیکەی 7,100 تۆن لە رۆژێکدا لە سەرەتای ساڵدا، بۆ 8,876 تۆن لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش زیادبوونی 1,776 تۆن یان نزیکەی 25%ـی بەرهەمەکەیە.
روانگەکە ئاشکرایکرد، هەناردەی گازی شلی عێراق کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئاڵنگارییەکانی گەرووی هورمز و گرژییە ناوچەییەکان. هەناردەکردنی ئەم بەرهەمە لە نزیکەی 3,500 تۆن لە رۆژێکدا بەر لەو قەیرانە، بۆ 490 تۆن لە رۆژێکدا دابەزیوە، ئەمەش پاشەکشەیەکی نزیکەی 86%ـە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەناردەی ئێستا تەنیا 14%ـی ئاستی بەر لە قەیرانەکەیە، ئەم دۆخەش رەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە قووڵەیە کە جووڵەی هەناردەکردنی گازی شلی عێراقی تووشی بووە.