قاسم عەبوودی: رێگە نادەین خاک و ئاسمانی عێراق دژی ئێران بەکار بهێنرێت
قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە تاران لەگەڵ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە.
قاسم عەبوودی لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیکردەوە، بەغدا رێگە نادات خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هیچ جۆرە چالاکییەک دژی ئێران یان دراوسێکانی دیکەی بەکاربهێنرێت.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات و ئیرادەی تەواوی بۆ جێبەجێکردنی هەموو بڕگەکانی هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، عەبوودی دووپاتیکردەوە کە بەغدا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی هاوبەش و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکە دژی دراوسێکان.
لە بەرامبەردا، موحسین رەزایی جەختیکردەوە لە پێویستیی دوورخستنەوەی کاریگەریی نەرێنیی لایەنە دەرەکییەکان لەسەر هاوکاریی ئابووریی نێوان عێراق و ئێران.
رەزایی رایگەیاند، عێراقێکی سەربەخۆ، بەهێز و پێشکەوتوو دەتوانێت ببێتە یەکێک لە بنەماکانی سیستەمێکی نوێی ئاسایش لە ناوچەکەدا.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، قاسم عەبوودی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەسەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنی گەیشتە تاران.