واشنتن پۆست: ئێران ستارلینکی دژی هێزەکانی ئەمریکا بەکارهێناوە
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک یارمەتیی تارانی داوە لە فەرماندەیی کردنی هێزەکانی و سەرپەرشتیکردنی درۆنە خۆکوژەکان، بەڵام پێنتاگۆن رەتیدەکاتەوە ئاگاداری راپۆرتێکی لەو شێوەیە بێت و پەیوەندییەکەشی بە هێرشەکەی 1ـی ئاداری کوەیتەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـی ئەمریکی، رۆژی شەممە لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادار لە ئۆپەراسیۆنەکانەوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئێران کرد، تاران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک"ـی سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا بەکارهێناوە.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییەکی نهێنیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە ئەم هاوینە پێشکەش بە پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری کراوە، بە کورتی باسی لە بەکارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییە لەلایەن ئێرانەوە کردووە بۆ فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی هێزەکان و سەرپەرشتیکردنی هێرشە درۆنییە یەکئاراستەکان (خۆکوژەکان). سەرچاوەکە دەڵێت، وا دیار بوو ستارلینک وەک رێگایەکی جێگرەوەی پەیوەندی بۆ تاران بەکارهێنراوە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا کاریان بۆ تێکشکاندنی سیستەمە تەقلیدییەکانی پەیوەندیی ئێران دەکرد.
لە بەرامبەردا، کینگسلی ویلسن، گوتەبێژی پێنتاگۆن بە واشنتن پۆستی راگەیاند، وەزارەتی بەرگریی "ئاگاداری بوونی" راپۆرتێکی لەو شێوەیەی فەرماندەیی ناوەندی نییە و رەتیشی کردەوە لێدوان لەسەر ئەوە بدات کە ئایا ئێران بە شێوەیەکی گشتی ستارلینکی بەکارهێناوە یان نا.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست، لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئاداردا، ملیاردێر ئیلۆن مەسک تووڕە بووە کاتێک زانیویەتی دوو بەکارهێنانی بێمۆڵەتی خزمەتگوزارییەکە هەبووە؛ یەکێکیان لەلایەن ئێران و ئەوی دیکەیان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، سوپای ئەمریکا درۆنە یەکئاراستەکانی جۆری "لوکاس"ـی لەسەر سیستەمی "ستارشێڵد" (وەشانە سەربازییەکەی ستارلینک) بەکارهێناوە، بەڵام لەسەر پاکێجێکی هەرزانتر کە تەنیا بۆ ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان تەرخان کراوە و تێچووەکەی یەک لەسەر پێنجی پاکێجە ئاسمانییەکەیە. لە 1ـی ئاداردا، مەسک بە ئاشکرا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاندبوو، بەکارهێنانی ئامێرەکانی ستارلینک بۆ سیستەمی چەک پێشێلکردنی مەرجە بازرگانییەکانە و "لە کاتی ئاشکرابوونیدا دادەخرێت".
واشنتن پۆست ئاماژەی بەوەش کردووە، لە 1ـی ئاداردا هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە بەندەری شوعەیبە لە کوەیت بووە هۆی کوژرانی 6 سەربازی ئەمریکی، بەڵام فەرماندەیی ناوەندی رەتیکردەوە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە سەبارەت بە هەر بەکارهێنانێکی ستارلینک لەلایەن ئێرانەوە، بەو هێرشەشەوە. لە هەفتەکانی دواتردا، سپەیس ئێکس رێساکانی فرۆشتنی توندتر کردەوە و فرۆشیارانی ناچار کرد ناسنامەی کڕیاران پشتڕاست بکەنەوە، هەروەها بەرنامەیەکی راگرت کە رێگەی بە فرۆشیاران دەدا لە رێگەی بریکارە لاوەکییەکانەوە ئامێرەکان بفرۆشن.
رۆژنامەکە لە زاری شرۆڤەکارانەوە دەڵێت، سپەیس ئێکس دەتوانێت هەر ئامێرێک کە لە ئێراندا دەستنیشانی دەکات ناچالاکی بکات، بەڵام رەنگە ئەوە نەکات چونکە نەیاران و هاووڵاتییانی ئاسایی ئێران بۆ تێپەڕاندنی سانسۆری ئینتەرنێت بەکاریدەهێنن و ئیدارەی ترەمپیش نایەوێت ئەو پەیوەندییە ببڕێت.
پێشتر رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردبووەوە کە ستارلینک لە مانگی کانوونی دووەمدا بە خۆڕایی لە ئێراندا بەردەست کراوە، دوای ئەوەی حکومەت لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا ئینتەرنێتی بڕی، و حکومەتی ئەمریکاش هەزاران ئامێری بە قاچاخ بردە ناو وڵاتەکەوە. بەرپرسانی ئەو بوارە بە واشنتن پۆستیان راگەیاندووە، بە پێچەوانەی ئۆکرانیا کە تێیدا لیستێکی ئامێرە پەسەندکراوەکان هەیە، لە ئێران هیچ لایەنێکی متمانەپێکراو نییە کە بتوانێت گەرەنتیی ئامێرەکان بکات. بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، سپەیس ئێکس و وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ لێدوان نەداوەتەوە و کۆشکی سپیش ئاشکرای نەکردووە کە ئایا ستارلینک تا ئێستا لە ئێراندا چالاکە یان نا.