دەستپاکی عێراق: بەڕێوەبەری بازگەکانی نەوتی نەینەوا حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی نەینەوا/ دەستەی یەکەم، بە ئامادەبوونی تۆمەتبارەکە، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر بەڕێوەبەری بەشی بازگەکانی نەوت لە نەینەوا و مفەوەزێکی پۆلیسی وزەدا سەپاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تسرینی دووەمی 2026، دەستەکە روونیکردەوە، سزادانی ئەو دوو کەسە لە چوارچێوەی دۆسیەی تۆڕێکی ئەفسەران و کارمەنداندا بوو کە بە هاوکاریی ژمارەیەک قاچاخچی، ئاسانکارییان بۆ قاچاخکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ دەرەوەی پارێزگاکە کردبوو.

دەستەی دەستپاکی باسی لەوەش کرد، پرۆسەی قاچاخکردنەکە لە رێگەی کاروانێکی ئۆتۆمبێل و تانکەرەوە بووە؛ تۆمەتبارەکان پارەیان بە بازگەکانی سەر بە پۆلیسی نەوتی نەینەوا داوە لە بەرامبەر رێگەدان بە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە پڕ لە سووتەمەنییەکان، هەروەها سەرانە و پارەیان لە سەرجەم گۆڕەپانەکانی قاچاخکردنی نەوت لە پارێزگاکە کۆکردووەتەوە.

هاوکات دادگا بڕیاریدا سزای دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دینار بەسەر هەردوو سزادراوەکەدا بسەپێنێت، لە حاڵەتی نەدانی ئەو بڕە پارەیەشدا، بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە زیندانی دەکرێن و سزاکە راستەوخۆ دوای تەواوبوونی سزای سەرەکی جێبەجێ دەکرێت.

دادگای تاوانەکانی نەینەوا پاش وردبینیکردنی دۆسیەکە، بەڵگەکانی بە تەواو و قەناعەتپێکەر زانی، لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری سزادانی هەردوو تۆمەتبارەکەی بەپێی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983 و بە پشتبەستن بە ماددەکانی بەشداریکردنی 47، 48 و 49ـی یاسای سزادان دەرکرد.