سەرمایەدار و بازرگانانی ئیمارات بانگهێشتی هەرێمی کوردستان دەکرێن
شاندێکی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیماراتی کرد و بڕیاریشە ساڵی داهاتوو کۆڕبەندێکی هاوبەشی ئابووری لە هەولێر رێکبخرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تسرینی دووەمی 2026، کاروان سورچی، گوتەبێژی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێکی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان و سەرۆکی هەر چوار ژوورە بازرگانییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ بەرپرسان و بازرگانانی دوبەی کۆووەوە،
لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان کرایەوە.
گوتیشی، سەردانەکە لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
گوتەبێژی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان بازرگان و سەرمایەدارانی ئیماراتی بۆ هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرد و داوای لێکردن سەردانی هەولێر بکەن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، لەلایەن خۆیانەوە ژووری بازرگانی دوبەی و بازرگانانی ئەو وڵاتە بانگهێشتەکەیان قبووڵکرد و ساڵی داهاتوو سەردانی هەولێر دەکەن و بڕیاریشە کۆڕبەندێکی هاوبەشی بازرگانی و ئابووری بەڕێوەبچێت.