کەشناسیی هەرێم: لە ئەمڕۆوە باران دەستپێدەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، بەرێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان بکات و کاریگەرییەکانی بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت.

لە پێشبینییەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان دا هاتووە بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، ئەمڕۆ یەکشەممە لە زۆربەی ناوچەکان ئاسمان هەور دەبێت، هاوکات باران بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ و لە ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەی مامناوەند دەبارێت. ئاامژەی بەوەش دا، سبەی دووشەممە، کاریگەریی دابارین لەسەر ناوچەکە لاواز دەبێت و ئەگەری نمەباران هەیە.

کەشناسیی هەرێم روونیکردەوە، رۆژی سێشەممە، شەپۆلی بارانبارینەکە چالاک دەبێتەوە؛ لە کاتەکانی بەیانی تا کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە، باران بە شێوەی مامناوەند دەبارێت و لە هەندێک کاتدا هەورەتریشقەی لەگەڵدا دەبێت.

لە ئێوارەی سێشەممەوە بەهۆی یەکگرتنی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، شەپۆلەکە بەهێز دەبێت، بەتایبەت سنووری پارێزگای هەولێر، بەشێک لە پارێزگای کەرکووک، پاشان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە.

راشیگەیاند، زۆرترین ماوەی دابارین لە کاتەکانی ئێوارەی سێشەممە تا بەرەبەیانی چوارشەممە دەبێت؛ لەو ماوەیەدا باران بە شێوەی لێزمەباران، تاوەباران و هەورەتریشقە دەبێت، هەروەها لە کاتی لێزمەباراندا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە.

کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا کاتەکانی بەیانیی چوارشەممە بە چالاکی دەمێنێتەوە، هاوکات لەگەڵ داباریندا پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان بەفر دەبارێت.