سوپای پاسداران: کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە قشم تەقیوەتەوە

 هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی دیکەی نەوتهەڵگر تووشی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە بووەتەوە. رووداوەکە لە دووری 2 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی دوورگەی قشم لە باشووری ئێران روویداوە، کاتێک کەشتییەکە بەر مینێکی دەریایی کەوتووە، هاوکات سوپای پاسداران ئەو کەشتییەی بە پێشێلکار ناوبردووە.

دووشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکە پێشێلکاریی کردووە و ویستوویەتی بە بێ مۆڵەت بە گەرووی هورمزدا تێبپەڕێت، بەڵام لەو کاتەدا بەر مینێکی دەریایی کەوتووە و ئاگری گرتووە، پێشتر و لە هەمان رۆژدا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری دیکە بەهۆی بەرکەوتنیان بە مین لە گەرووی هورمز تووشی تەقینەوە و ئاگری بەهێز بوون. سوپای پاسداران روونیانکردەوە، کەشتییەکان لەو کاتەدا بە رێڕەوی باشووری نایاسایی تێپەڕ بوون.

هاوکات لە بارەی زیانە گیانی و ماددییەکان و زانیاریی دەربارەی ناو و جۆری کەشتییەکە و ئەو وڵاتەی خاوەندارێتی دەکات، سوپای پاسداران هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە.

ئەم رووداوانە لە کاتێکدان تاران بەردەوامە لە سەپاندنی رێوشوێنی سنووردارکەر بۆ سەر جموجۆڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز،. ئێران 12ـی تەممووزی رابردوو گەرووەکەی بە تەواوەتی داخست. ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات ئەمریکا 8ـی هەمان مانگ هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستیپێکردەوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، هەر کەشتییەک بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت یان لە دەرەوەی ئەو رێڕەوەی بۆیان دیاریکراوە تێپەڕ بێت، دەکرێتە ئامانج.