ئێران چەکی نەتەقیوی ئەمریکی کۆدەکاتەوە
کەناڵی "پرێس تی ڤی"ـی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، یەکەکانی سەر بە سوپای پاسداران ژمارەیەک مووشەکی نەتەقیو و هەزاران بۆمبی بچووکی ئەمریکییان لە سنووری پارێزگای "هورمزگان"ـی باشووری وڵاتەکە دۆزیوەتەوە.
فەرماندەیەکی سەربازیی فەیلەقی "ئیمام سەجاد" کە بۆ کەناڵەکە قسەی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە، زیاتر لە 15 مووشەکی "قورس"ـی ئەمریکییان دۆزیوەتەوە و رادەستی یەکەکانی تەکنیکی و لێکۆڵینەوە کراون بە مەبەستی ئەنجامدانی "ئەندازیاری پێچەوانە" لەسەریان.
لێرەدا مەبەست لە "ئەندازیاری پێچەوانە" شیکردنەوەی و پشکنینی مووشەکەکەیە بە مەبەستی دەستخستنی زانیاری لەبارەی توانا، ئەرک و وردەکارییەکانی دیکەی.
هاوکات فەرماندەیەکی دیکەی فەیلەقی "ئەنسار مەهدی" کە بارەگاکەی دەکەوێتە پارێزگای زنجانی باکووری رۆژهەڵاتی ئێران؛ باسی لەوە کردووە، زیاتر لە 9500 بۆمبی بچووکی ئەمریکییان لە دەوروبەری پارێزگاکە کۆکردووەتەوە.
کەناڵەکە روونیشی کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە بۆمبێکی جۆری "جی بی یو – 57"ـی تێکشکێنەری سەنگەرە قایمکراوەکان پووچەڵ بکەنەوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە.