وەزیری تەندروستی: ئەوەی ئێستا ھەیە لە ھەرێمی كوردستان شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا نییە
K24 - ھەولێر
وەزیری تەندروستی رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا نییە، بەڵكو درێژكراوەی شەپۆلی یەكەمە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا و لەمیانی كردنەوەی تاقیگەی دەستنیشانكردنی كۆرۆنا لە ئاكرێ رایگەیاند: "تووشبوونی ژمارەیەكی دیكەی ھاووڵاتییان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان، شەپۆلی دووەمی ئەو ڤایرۆسە نییە، بەڵكو درێژكراوەی شەپۆلی یەكەمە، لە زۆربەی وڵاتان بەمشێوەیە ھەڵكشان و داكشان لە ژمارەی تووشبووان ھەیە".
گوتیشی: "بە خۆپارێزی ھاووڵاتییان و ئەنجامدانی پشكنین لەلایەن تیمەكانی تەندروستی شەپۆلی كۆرۆنا لاواز دەبێت".
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "تووشبووەكانی ئێستای كۆرۆنا سەرچاوەی نادیارە، وەك نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە دەكەن و دەستنیشان دەكرێن، بە پێچەوانەی پێشتر كە ئێمە خۆمان بەدوای گومانلێكراو و ھەڵگرانی ڤایرۆسەكە دەگەڕاین، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە ئێستا كۆرۆنا لەناو كۆمەڵگەدا ھەیە و مەترسیدارە".
وهزیری تهندروستی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری قهدهغهكردنی هاتووچۆ بڕیارێكی دروست بووه، پێویسته ھاووڵاتییان جدیتربن له پابهندبوونیان به رێنمایی و رێكاره تهندروستییهكان و خۆیان لە شوێنه قەرەباڵغهكان بەدوور بگرن.