له‌مه‌ودوا رێگه‌ به‌ په‌نابه‌ره‌ سوورییه‌كانیش نادرێت بپه‌ڕنه‌وه‌ ئه‌وروپا

13 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری و عێراق گیریان خواردووه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1f0c3290-4966-4a74-9103-e0277e2d1fa8/Mecedonia%20Iraq.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت حکوومەتی مەکدۆنیا بڕیاریداوە رێگەنەدەن پەناخوازانی ئەو شارانەی عێراق و سووریا کە ئارامن و شەڕوئاژاوەی تێدا نییە لە سنووری مەكدۆیاوە بڕۆنە ڕۆژئاوای ئەوروپا.

ماوەی چەند رۆژێكە، زیاتر لە 13 ھەزار پەناخواز کە زۆرینەیان خەڵکی عێراق و سووریان لەسەر سنووری یۆنان - مەکدۆنیا گیریان خواردووە، چونكە پاسەوانانی سەر سنووری مەکدۆنیا رێگەیان نادەن  سنووری مەكدۆنیا ببڕن و لەوێشەوە  خۆیانه‌ بگه‌یه‌ننه‌ وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا.

تا دێت، نیگەرانییەکانی پەنابەرانی سەر سنووری یۆنان - مەکدۆنیا قووڵتر دەبنەوە، لەوکاتەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایان کرد، کە دەسەڵاتدارانی مەکدۆنی بڕیاریداوە چیدیکە رێگە بەپەنابەری عێراقی و سووریش نادات بێنە نێو سنوورەکانییەوە.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئاشکرای دەکات ئێستا دەسەڵاتدارانی مەکدۆنی رێگەش بە ھەندێ پەنابەری عێراقی و سووری کە خەڵکی ئەو شارانەن کە شەڕو کوشتاری تێدانییە، بپەڕێنەوە و لەسەر سنوور بێچارە ماونەتەوە.

پەنابەرێكی عێراقی له‌سه‌ر سنووری مه‌كدۆنیا ده‌ڵێت: "لە دوێنێ شەوەوە ھەر کەسێک لە دیمەشق و بەغداوە رۆیشتبێتە سەر سنوور گەڕاندوویانەتەوە. ئێستا ئێمە بێ ئومێد بووین و کەس نییە لێمانپرسێتەوە، منداڵەکانمان ھەمووی نەخۆش کەوتوون و خەڵک دەمرێت کەس گوێی ناداتێ".

زۆربەی پەنابەرەکان ناچاربوون لەو کەشوھەوا ساردەدا لەژێر چادری تەنکدا شەو بکەنەوە و چاوەڕێی دڵنەرمی دەسەڵاتدارانی مەکدۆنیا بکەن، تاوەکو رێگەیان پێبدەن بگەنە ئەو وڵاتانەی خەونی پێوەدەبینن.

په‌نابه‌رێكیش له‌ باره‌ی رێگه‌پێنه‌دانییان گوتی: "ھەر کەسێک ناسنامەی دیمەشق بێت ناتوانێت بپەڕێتەوە، لەبەرئەوەی حکوومەتی مەکدۆنی پێیڕاگەیاندووین دیمەشق شوێنێکی ئارامە و شەڕی تێدا نییە، بەڵام من خەڵکی کەمپی یەرمووکم لە دیمەشق کە ھیچ ئارام نییە و داعشی تێدایە، کەچی ئێستا ناتوانم بپەڕمەوە و نازانم چی بکەم".

تا ئێستا پەنابەرانی عێراقی و سووری کێشەیەکیان نەبوو، کە ئەویش خەڵکی وڵاتێکن شەڕ و ئاژاوەی تێدایە و ئەوەش وایکردووە وڵاتەکەی خۆیان بەجێبێڵن، بەڵام رەنگە ئێستا ئەوە ھۆکارەش دادیان نەدات.