پزیشکانی بێ سنوور باسی دۆخی "ناهەمواری" کۆچبەران دەکات

"کۆچبەران لە لایەن پۆلیسی مەکدۆنیاوە لێدراوان"

K24-هەولێر

رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور رایگەیاند زیاتر لە 40 پەنابەر بەهۆی فیشەکی پلاستیکییەوە برینداربوونە و چەندین پەنابەریش بە تیمەکانی پزیشکانی بێ سنووریان راگەیاندووە کە لە لایەن پۆلیسی مەکدۆنیاوە لێدراوان.

رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ: تیمەکانی پزیشکانی بێ سنوور چارەسەری خێرایان پێشکەشی زیاد لە 300 کەس کرد، کە بەهۆی گازی فرمێسکڕژێنەرەوە تووشی هەناسەسواریی و بارێکی دەروونی ناجێگیربوون و نزیکەی 30 کەس لەوانەی چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە منداڵن و تەمەنیان لەنێوان پێنج بۆ 15 ساڵە.

کۆنۆر کینی، کە یەکێکە لە پزیشکانی تیمەکانی پزیشکانی بێ سنوور دەربارەی رووداوەکانی دوێنێی کامپی ئیدۆمینی دەڵێ: "نۆرینگەکەی پزیشکانی بێ سنوور بەدرێژایی رۆژ جمەی دەهات، سێ منداڵ بەهۆی فیشەکی پلاستیکییەوە سەریان بریندار بوو، خەڵکەکە لە دەرەوە هاواریان دەکرد و هەندێکیشیان فیشەکە پلاستیکییەکانیان هەڵگرتبوو".

هاوکات سەرۆکی نێردەی پزیشکانی بێ سنوور لە یۆنان، خۆسێ هێلیسینک دەڵێ: "پێویستە بە کەرامەت و رێزەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکرێت نەک بە توندوتیژیی، داخستنی سنوورەکان بەروویاندا بەمشێوەیە هێندەی دیکە باری دەروونی و ژیانی ئەوان خراپتر دەکات، ئەم بارە ناهەموارە کە بەهۆی سیاسەتی کۆچی ئەوروپاوە هاتووەتە کایەوە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت".

بە هەزاران کۆچبەر لە کەمپەکانی کۆچبەران لە یۆنان گیریان خواردووە و بەهۆی داخستنی سنووری نێوان مەکدۆنیا و یۆنان بە روویان ناتوانن بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بڕۆن.

ئەمە لە کاتێکدایە بۆ ناچاركردنیان کۆچبەران بۆ ئەوەی له‌ شوورەی تەلبەندکراوی سه‌ر سنوور بكشێنه‌وه، پۆلیسی مه‌كدۆنیان دوێنێ گازی فرمێسكڕژێنه‌ری له‌ دژی زیاتر له‌ 500 كۆچبه‌ری نیشته‌جێی كه‌مپی ئیدۆمینی له یۆنان به‌كارهێنا.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی رۆیته‌رز له‌ مانگی شوباتی رابردووه‌وه‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر له‌و كه‌مپه‌ ده‌ژین كه‌ دوای زنجیره‌یه‌ك داخستنی سنووره‌كان له‌ ناوچه‌ی به‌لكان رێگاكانیان به‌روودا داخراون.

رۆژی دووشەممە 4 نيسانى 2016 یۆنان دەستی بە گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە کرد کە لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا گەیشتوونەتە یۆنان و بڕیارە بەپێی ئەم رێککەوتنە یۆنان نزیکەی 70 هەزار کۆچبەر بگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا.

بەپێی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، پێویستە هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوای 20/3/2016 بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە یۆنان بۆ تورکیا بگەڕێندرێنەوە، هاوکات بەپێی رێککەوتنەکە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هەر کۆچبەرێکی سووریا لە یۆنانەوە تورکیا کۆچبەرێکی سووریی رەوانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بەو مەرجەی ژمارەی تێکراوی ئەو کۆچبەرانە لە 72 هەزار کۆچبەر تێنەپەڕێ.

هاوکات لە بەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا چەند ملیارێک یۆرۆ دەداتە تورکیا لەپاڵ پێدانی چەند تایبەتمەندییەک بە هاوڵاتیانی تورک وەک رێگەدان بە هاوڵاتیانی تورکیا بۆ چوون بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڤیزە.

بە درێژایی ساڵی 2015 کۆچبەران بە لێشاو روویان لە وڵاتانی ئەوروپا دەکرد بە تایبەت ئەڵمانیا کە لە ساڵی 2015 بە تەنیا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەری لەخۆگرت.

ئا: ئا ، ف