سلێمانی.. پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش کرایەوە
پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش، بۆ هەریەک لە شێوەکاران، ڤیان جاف، یادگار نووری، سەرمەند عەبدوڵڵا، لەژێر ناوی "فڵچە سەمای کرد"، لە سلێمانی، لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە کرایەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، یادگار نووری، شێوەکاری بەشداربووی پێشانگەکە بە کوردستان24ـی گوت، "لەو پێشانگەیەدا ئەوەی سەرنج رادەکێشێت ئەوەیە کە جیاوازی لە بابەتەکاندا نییە، بەڵکو پێشانگەکە ئەو گفتوگۆیەیە کە لەنێوانماندا دروست بووە. تابلۆکان بە شێوەیەک دانراون کە بینەر لە یەک بابەتەوە بۆ بابەتێکی تر بگوازرێتەوە؛ لە سروشت و رۆژانەبوون، بۆ هەست و بیرکردنەوەی ناوەوەی مرۆڤ."
یادگار نووری گوتیشی، "بەشێکی دیاری پێشانگەکە تەرخانکراوە بۆ مرۆڤ و پەیوەندییەکانی، لەو بەرهەمانەدا روخسار و جەستە تەنیا وێنە نین، بەڵکو ئامرازێکن بۆ دەربڕینی ئارەزوو، ئارامی، چاوەڕوانی یان بیرەوەری. لەو پێشانگەیەدا هەڵمانداوە لە رێگەی رەنگ و هێڵەکانەوە هەستی ناوەوەی کەسایەتییەکان بگوازینەوە، نەک تەنیا شێوەی دەرەوەیان."
دەربارەی گرنگیدانیان بە سرووشت و ژینگە لەو پشانگەیەدا، یادگار نووری دەڵێت، "لە بەشێکی دیکەدا گرنگیمان بە سروشت و ژینگە داوە، رووەک، ئاژەڵ، ئاسمان و رەنگە گەرمەکان تەنیا وەسفکردنی دیمەن نین؛ بەڵکو هەوڵێکن بۆ گەڕانەوە بۆ سادەیی و نزیکبوونەوە لەو ژیانەی خێراتر دەبێت. لە هەندێک تابلۆدا رەنگی شین و سەوز هەستی ئارامی و فراوانی دروست دەکەن، لە کاتێکدا رەنگە توندەکان وزە و جووڵە دەخەنە ناو کارەکان."
یادگار نوری ئاماژەی بەوەش دا، "ئەگەر بە وردی سەیری تابلۆکان بکەین، بە تایبەتی ئەو کارەی کە مرۆڤ و ئەسپی تێدایە، دەبینرێت باس لە هاوژینی و هاوسەنگی دەکرێت. ئەسپ لێرەدا هێمای هێز یان راکردن نییە؛ بەڵکو نزیکی و متمانەیە. کەسایەتیی ناو تابلۆکە بە ئارامی لەگەڵ ئەسپەکەدا وەستاوە، و ئەو ئارامییە هەستی بیرکردنەوە و دابڕان لە قەرەباڵغی ژیان دەگوازێتەوە."
ئەو شێوەکارە باس لە رێکخستنی تابلۆکان لە هۆڵی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "هەروەها لە رێکخستنی ناو هۆڵەکەدا هەوڵ دراوە هەر تابلۆیەک شوێنی خۆی هەبێت؛ واتە بینەر ناچار نەبێت تەنیا بە خێرایی تێپەڕێت، بەڵکو لەبەردەم هەر کارێک بوەستێت و مانای خۆی لێ بخوێنێتەوە. بۆیە پێشانگەکە زیاتر لە پیشاندانی هونەر، بانگەوازێکە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وێنە و ماناکانی دا."
پێشانگەی شێوەکاری "فڵچە سەمای کرد"، ئەمڕۆ هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، لە سلێمانی، لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە کرایەوە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.



