فەرماندەی فڕۆکەوانیی سوپا: ئێستا لە دۆخی هێرشکردنداین بۆ سەر داعش

K24-هەولێر

فەرماندەی هێزی فڕۆکەوانیی سوپای عێراق رایگەیاند شەڕ لەگەڵ رێکخراوی "تیرۆریستیی" داعش لە قۆناغی بەرگریکردنی هێزە چەکدارەکانەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەناکاو گۆڕاوە.

فەرماندەی هێزی فڕۆکەوانیی سوپای عێراق، فەریقی یەکەمی فڕۆکەوان حامد عەتییە ئەلمالیکی لە لێدوانێکدا کە گرتە ڤیدیۆییەکەی لە سایتی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاوکراوەتەوە راشیگەیاند: "داعشی تیرۆریست وا رۆژ بە رۆژ دەرووخێ و لە شەڕەکانی ئەم دواییە هیچ بەرگرییەکی پێنەکراوە و تەنیا ئەوەندەیە بە خۆکۆژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو هێرش دەکات و هێزە پاڵەواەکان و فڕۆکەکانی سوپا رووبەڕووی ئەو هێرشانە دەبنەوە".

حامد عەتییە ئەلمالیکی گوتیشی: "هێزەکانمان لە چەند رۆژی رابردوو 87 ئەرکی سەربازییان ئەنجامداوە و بەهۆیانەوە 32 ئامانجی جۆراوجۆریان لە هەموو بەرەکانی شەڕ وێران کردووە".

فەرماندەی هێزی فڕۆکەوانیی سوپای عێراق ئاماژەش دەکات: "هێزی فڕۆکەوانیی بە هامەهەنگیی لەگەڵ هێزی زەمینیی و هەوڵی راوێژکارە سەربازییەاکن ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعشیان کوشتووە و هێزە چەکدارەکان ئێستا تەواو ئاگاداری دۆخی هەموو شەڕەکانن".

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەرای پاشەکشێکردن و شکستەکانی داعش، بەڵام چەکدارانی رێکخراوەکە هێشتا ناوچەیەکی فراوانی عێراقیان لە بندەستدایە، بەتایبەت لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق و پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق.

ئا: ئا ، ف