باراك ئۆباما: ئومێدی درێژە كێشانی ئاگربەستی سووریا زۆر لاوازە

لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە لەندەن، باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە واشنتن نیگەرانە بەرامبەر شەڕوپێکدادانەکانی ئەم دوایەی سووریا و ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستە یەک مانگیەکەی سووریا.

K24 – ھەولێر:

سەرۆکی ئەمریکا و نێردەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن، بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی ئەم دوایەی ئاگربەستی سووریا و دان بەوەدا دەنێن کە ئومێدی درێژە کێشانی ئەو ئاگربەستەی سووریا زۆر لاوازە.

لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە لەندەن، باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە واشنتن نیگەرانە بەرامبەر شەڕوپێکدادانەکانی ئەم دوایەی سووریا و ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستە یەک مانگیەکەی سووریا.

لەلایەن خۆیەوە، ستافان دێمەستورا، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانووستانەکانی جنێڤ رایگەیاند، ئەو شەڕوپێکدادانەی چەند رۆژێکە لە شاری حەلەب روودەدەن، جێگەی نیگەرانییە کە بەھۆی ئەو رەوشەوە، بە دەیان کەس کوژراون و بە سەدان کەسیش ئاوارەبوون بۆ سەر سنوورەکانی تورکیا.

ھەروەھا دێمەستورا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەوان لە جنێڤ بەردەوام دەبن لە درێژەپێدانی دانووستانەکان لەگەڵ ھەردوو شاندی رژێمی سووریا و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانن تاوەکو ئومێدی چارەسەری قەیرانی سووریا ھەر بمێنێتەوە.

 لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ ئاگربەستی سووریا لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا و رژێمی سووریا راگەیندرا، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی سووریا رژێمی سووریا بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەكات.