ئەمریکا کانزایەکی دەگمەن بە بەهای زیاتر لە 62 ملیار دۆلار لە کینیا دەکڕێت
ئەمریکا گەیشتە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ کینیا، بەمەبەستی دەستکەوتنی یەکێک لە گەورەترین کانزا دەگمەنەکان ئەویش کانزای "نیۆبیۆم"ـە لە ئەفریقا، کە بەهاکەی بە 62.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەبواری پیشەسازییە بەرگریی و تەکنەلۆژیاکان بەکار دەهێنرێت.
ئەم رێککەوتنە وەک سەرکەوتنێکی ستراتیژی گرنگ بۆ واشنتن دەبینرێت، چونکە کێبڕکێی چین لەسەر کانزا بەنرخەکان دەکات، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ئەمریکا بەدەست کەمیی ئەم ماددانەوە گرفتارە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پیشەسازی بەرگریی خۆی.
بڕگەکانی رێککەوتنەکە دەری دەخەن کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە مۆدێلی کۆنی ئابووریدا کراوە؛ بە جۆرێک دەبێت سەرجەم کانزا ستراتیژییەکان لە ناوخۆی کینیادا بپاڵێورێن و چارەسەریان بۆ بکرێت، نەک وەک رابردوو بە خاوی هەناردەی دەرەوە بکرێن.
ویلیام روتۆ، سەرۆکی کینیا، لە پەراوێزی لووتکەی کۆمەڵەی حەوت (G7) لە سویسرا، ئەم رێککەوتنەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هەوڵ دەدات میکانیزمی وەبەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانی خۆی لەبەرژەوەندی گەلەکەی دابڕێژێتەوە.
گوتیشی "وڵاتانی ئەفریقا چیتر پاشکۆیەتی یان تاڵانکردنی سەرچاوەکانیان قبوڵ ناکەن، ئێمە هەر پەیوەندییەک کە سەرچاوەکانمان بە خاوی بەرێتە دەرەوە رەت دەکەینەوە و کار بۆ رەخساندنی هەلی کار، گەشەپێدانی پیشەسازی و هاوبەشیکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان دەکەین."
لە ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، چین، کۆریای باشوور و یەکێتی ئەوروپا کێبڕکێیەکی توند دەکەن بۆ بەهێزکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی کانزاکانی ئەفریقا، ئەمەش لە ترسی ئەوەی کەمبوونەوەی یەدەگی ئەم کانزایانە ببێتە هۆی پەککەوتنی پیشەسازییە بەرگری و تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکان.
ئەم کانزایانە نەک تەنها بۆ کەرتی سەربازی، بەڵکو بۆ دروستکردنی پاتری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، نیوەگەیەنەرەکان (Semiconductors) و تەکنەلۆژیای گۆڕانی وزە بەکار دێن. پێشبینییە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تا ساڵی 2050، داواکاری لەسەر لیتیۆم 10 هێندە و کۆباڵت 3 هێندە زیاد دەکات.
هەروەها داهاتی جیهانی لە مس و نیکل دەگاتە 16 تریلیۆن دۆلار، کە ئەفریقا بەتەنیا خاوەنی %30ـی یەدەگی کانزاکانی جیهانە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە کۆشكی سپی دەیەوێت سەرچاوەی جێگرەوە بدۆزێتەوە پێش ئەوەی بڕیارەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ساڵی 2027 بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەکارهێنانی ماددە خاوەکانی چین لە پیشەسازییە بەرگرییە سەرەکییەکاندا قەدەخە دەکات.
چین %87ـی پاڵاوتنی توخمە دەگمەنەکانی جیهان کۆنترۆڵ دەکات و%37 تا 46%ـی وەبەرهێنانەکانی لە ئەفریقا کە بڕەکەی 21.7 ملیار دۆلارە بۆ کانزاکان تەرخانکردووە.
ئەمریکا تەنها %4ـی وەبەرهێنانەکانی لە ئەفریقا نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار بۆ کانزاکان تەرخان کردووە و دەیەوێت ئەم رێژەیە زیاد بکات.