سۆمۆ: گرێبەستی کڕینی نەوتی پێشوەختە لە لایەن چین دواکەوتووە

کۆمپانیای سۆمۆ، کۆمپانیای ژێنوا ئۆیلی وەک تاکە براوەی گرێبەستی فرۆشتنی پێشوەختەی نەوت بۆ 5 ساڵ دیاریکرد، کە بۆ هەر ساڵێک 2 ملیار دۆلاری پێشوەختە وەردەگرێت

K24 – هه‌ولێر:

عەلی ئەلشتاری، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە پێگەی ستاندەرد ئاند پوورز گڵۆبال بلاتسی راگەیاندووە، گرێبستی کڕینی نەوتی پێشوەختە لە لایەن کۆمپانیای ژێنوا، کە هەڵپەسێردراوە و چاوەڕێی بڕیاری حکومییە.

کۆمپانیای سۆمۆ، کۆمپانیای ژێنوا ئۆیلی وەک تاکە براوەی گرێبەستی فرۆشتنی پێشوەختەی نەوت بۆ 5 ساڵ دیاریکرد، کە بۆ هەر ساڵێک 2 ملیار دۆلاری پێشوەختە وەردەگرێت و بە گوێرەی رێكکەوتنەکە کۆمپانیای ژێنوا دەتوانێت جارێکی دیکە نەوتەکە بفرۆشێتەوە.

هەروەها بە گوێرەی گرێبەستەکە، كە بۆ یەکەمجارە ئەنجامدەدرێت، مانگانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق رادەستی ئەو کۆمپانیا چینییە دەکرێت، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ گوتی: عێراق دووەم بەرهەمهێنەری ئۆپێکە؛ بۆیە ناتوانێت پلانی هاوشێوە لە داهاتوویەکی نزیکدا دابڕێژێت.

ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای سۆمۆ گوتیشی: رێککەوتنی کۆتایی لەسەر گرێبەستەکە پێویستی بە کۆبوونەوەی باڵا هەیە، کە چۆن جێبەجێبکرێت و ئەو بابەتەش لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە یەکلا دەکرێتەوە.

هاوکات جەختیشیكردوە، پارێزگاری لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای ژێنوا ئۆیل دەکەن، کە سەرکەوتوو بووە لە گرێبەستەکە، بەڵام بەهۆی رەزامەندییەوە رێککەوتنەکە تاوەکو ئێستا هەڵپەسێردراوە.