زیادەی هەناردەی نەوتی عێراق هەڕەشە لە ئامانجەکانی ئۆپێک دەكات

وڵاتانی ئۆپێک پڵەس هەوڵی سەقامگیرکردنی بازاڕی وزە دەدەن

نەوتی عێراق
نەوتی عێراق

K24 - ھەولێر

سەرەڕای بەڵێنەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و پابەندبوونی بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، بەڵام هەناردەی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەم مانگە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی دیارترینیان رووسیا کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان کە ئامانج لێی سەقامگیرکردنی بازاڕی وزەیە لە جیهان.

عێراقیش کە دووەم هەناردەکاری نەوتی رێکخراوی ئۆپێکە پەیمانیداوە پابەندی ئەو ئاستە بێت، کە بۆی دیاریکراوە کەمی بکاتەوە، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیەی لە سەرەتای مانگی شوباتەوە هەناردەی دەکات، ئەوا پێشێلی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس دەکات، بە جۆرێک بۆ عێراق دیاریکراوە رۆژانە لە 3 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر هەناردە نەکات، بەڵام بەغدا ئەو ئاستەی تێپەڕاندووە و ئاستی هەناردەکردنی گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 850 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.