جیاوازی نێوان ڤاکسینەکەی ئەمەریکا و چین چییە؟

چین 50 هەزار ڤاکسینی بەخشیووەتە عێراق

ڤاکسینی سینۆفرام
ڤاکسینی سینۆفرام

K24- هەولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە، 50 هەزار ڤاکسینی سینۆفارمی چینی گەیشتە عێراق؛ بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ڤاکسینەکە لە لایەن چین وەکو دیاری بەخشراوەتە عێراق.

سەیف ئەلبەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەوبارەوە رایگەیاند، ڤاکسینەکە لە سێ نەخۆشخانەی سەرەکی بەغدا دابەش دەکرێت. ئەگەریش هەیە بەشی چەند ناوچەیەکی دیکەشی لێبدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ دەست دەکەن بە کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا.

باڵیۆزی چین لە عێراق لای خۆیەوە رایگەیاند، بەم نزیکانە عێراق دوو ملیۆن ڤاکسین لە چین دەکڕێت، بەڵام باڵیۆزەکە نرخ و کاتی هاتنی ڤاکسینەکەی ئاشکرا نەکرد.

زانیاری لەبارەی ڤاکسینە چینیەکە:

رێژەی کاریگەری ڤاکسینەکە تەنها 72.51٪ـە، لە کاتێکدا ڤاکسینی فایزەر و مۆدێرنا، 95٪ و 94.5٪ـن.

ئەم ڤاکسینە چینییە، لە رێگای تەنۆچکەی کوژراو کار دەکات، واتە تەنۆچکەکان دەچنە ناو لەشی مرۆڤ و بەوجۆرە بەرگری لەشی مرۆڤ دژی کۆرۆنا بەهێز دەکەن، بەڵام ڤاکسینە بەریتانی و ئەمەریکییەکان پێیان دەگوترێت، ڤاکسینی ئێم ئێر ئێن ئەی. ئەم ڤاکسینە هەڵگری کۆدی جیناتی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و دەچێتە ناو لەشی مرۆڤ، وا لە لەشی مرۆڤ دەکات جۆرێک لە پرۆتین دروست بکات. واتە، بەشێک لە کۆرۆنا دەخەنە ناو لەشی مرۆڤ، تەنها بەشی ئەوەی لەشی مرۆڤ بەرگری دروست بکات دژی.

ڤاکسینە چینییەکە دەکرێت لەناو ساردکەرەوەیەک هەڵبگیرێت کە پلەی گەرمی لە نێوان دوو بۆ هەشت پلەی سیلیزییە، بەڵام ڤاکسینە ئەمەریکییەکە دەبێت 20 بۆ 70 پلەی ژێر سفر هەڵبگیرێن.

تورکیا، سینگاپورە، مالیزیا و فیلیپین داوایان لە چین کردووە، گرێبەستی کڕینی ڤاکسینەکەیان لەگەڵ واژۆ بکات. هەروەها، ئیمارات و بەحرەین گرێبەستیان لەگەڵ چین لەوبارەوە واژۆ کردووە.

لەبارەی کاریگەرییە لاوەکییەکان، زانیارییەکی ئەوتۆ لەبارەی ڤاکسینە چینیەکە نییە، بەڵام ئەوە سەلمێنراوە کە نابێتە هۆی هەڕەشەی جددی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ.