گوته‌بێژی پێشووی هاوپه‌یمانان: کار لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و واشنتن دەکەین

مایڵز کاگینز: هەمووکات جێگەی خۆشحاڵییە کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان لە دەوری یەك و لە پێناو یەك ئامانج کۆببنەوە

K24- هه‌ولێر:

گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگه‌یاند، لەرێگەی ئەنستیتۆتی کورد لە واشنتن و رێکخراوەکانەوە کار لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و واشنتن دەکەین.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشداری چەند چالاکییەکی ئەنستیتیۆتی کورد لە واشنتنی كرد و گوتی: هەمووکات جێگەی خۆشحاڵییە کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان لە دەوری یەك و لە پێناو یەك ئامانج کۆببنەوە.

ئه‌م گوتانه‌ی كاگینز له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 هاتوون و دووپاتیكرده‌وه‌، "لە چەند رۆژی رابردوودا لە واشنتن بووم و بەشداریم لە چەند کۆبوونەوەیەكدا کرد، لەگەڵ نوێنەری چەندین رێکخراو و دۆستی کورد لە ئەمه‌ریکا کۆبوونەوە و چالاکییەکان لەلایەن ئەنستیتیۆتی کورد لە واشنتن رێکخرابوو".

هه‌وره‌ها گوتی: "زۆر جێگەی خۆشحاڵیم بوو، ئەو کەسایەتیانەی کوردم لە پارچە و ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە بینی و پێکەوە کۆبووینەوە و لەسەر چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە کورد گفتوگۆمان کرد، لەوانە: کولتوور و پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا و داینامیکی جوگرافی رۆژهەڵاتی ناوەراست".

H.B