سوننەکان داوای دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی دەکەن لە شەڕی فەللوجە

"چەندین پێشێلکارییان ئەنجامداوە"

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێکدا هاوپەیمانی هێزە سوننەکانی عێراق داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیران دەکەن، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی فەللوجە دووربخرێنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە: "چەکدارانی حەشدی شەعبی چەندین پێشێلکارییان ئەنجامداوە، وەك رووخاندن و تەقاندنەوەی ژمارەیەک مزگەوت و خانووی هاوڵاتیان بۆیە داوای کشاندنەوەی ئەم هێزانە دەکەن".

هاوپەیمانی هێزە سوننەكانی عێراق، دەستخۆشی لە هێزەکانی دیکەی عێراق کردووە لە بەرامبەر ئەو سەرکەوتنانەی بە دەستیان هێناوە لە شەڕی دژی چەکدارانی داعش.

لە ھەفتەی رابردووەوە ھێزەكانی عێراق دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی فەللوجە كردووە، بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق چەند ناوچەیەكیان لە چەكدارانی داعش پاككردوەتەوە.