باڵیۆزی ئێران: پشتگیری لە چەکدانانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق دەکەین

محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق
محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق

محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق دەڵێت "رێز لە بڕیاری حکوومەتی عێراق دەگرین بۆ کۆکردنەوەی چەکی گرووپە میلیشیاکان، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی چەک تەنیا لە دەستی حکوومەتەوە بێت.

سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، باڵیۆزی ئێران لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵێکی عێراقی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا کردووە و ئاماژەیداوە، پەیوەندییەکان هێندە پتەون کە لە سەرووی حکوومەتەکان و پێشهاتە سیاسییەکانەوەیە، چونکە لە سەر بنەمای پەیوەندییەکی قوڵی نێوان هەردوو وڵات دامەزراوە.

محەمەد کازم ئال سادق گوتیشی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان، گرنگترین لایەنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراقە.

هەروەها رایگەیاندووە "بڕیاری مقاوەمە بژاردەی گەلی عێراقە، هەربۆیە ئێران رێز لە مافی بەرگری لەخۆکردنی گەلی عێراق دەگرێت و هیچ کاتێکیش تاران داوای لە هیچ وڵاتێک نەکردووە بخزێنە نێو بەرەی بەرەنگاربوونەوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە بارەی پەیوەندی نێوان زانکۆکانی وڵاتەکە لەگەل زانکۆکانی عێراق ئاماژەیداوە، کە ئێستا 74 زانکۆی ئێران لە لیستی ئەو زانکۆ بیانیانەیە کە لەلایەن زانکۆی بەغدا پەسەندکراون.