ئەمریکا فشار بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکات

هێزێکی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان (وێنە: AFP)
هێزێکی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان (وێنە: AFP)

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ئیسرائیل بیر لە ئەگەری بڕیارێکی ئەمریکا دەکاتەوە بۆ ئەوەی پابەندی بکات وردە وردە لە ناوچەکانی باشووری لوبنان بکشێتەوە.

لەو بارەیەوە میدیای فەرمیی ئیسرائیل (کان) بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەست پێدەکەنەوە، ئەمجارە ئامانجیان داڕشتنی وردەکاریی سەرەتاییە تایبەت بە کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.

هەروەها رایگەیاندووە، دانوستانەکان بە هەمان شێوەی ماوەکانی رابردوو بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەدەچن، تێیدا باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن لەگەڵ سێ ئەفسەری باڵای ئیسرائیلی بەبێ ئاشکراکردنی ناوەکانیان بەشداری دەکەن.

میدیای فەرمیی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، دانوستانەکان لە کاتێکدا دەست پێدەکەنەوە، ئەمریکا رەزامەندیی نیشان داوە بە بەشداریی قەتەر و ئێران و بەبێ ئیسرائیل، رێکارێک بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە لوبنان دابمەزرێنێت.

هاوکات لە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی گواستووەتەوە، بەهۆی بوونی ئێرانەوە دەرفەتی ئەوە نەبووە ئیسرائیل لەو رێکارەدا بەشداری بکات.

بە گوتەی سەرچاوەکە لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، حیزبوڵڵای لوبنان 7285 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.