چوار لیوای یەکەکانی 70 و 80 دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

رێکخستنەوەی میلاکی 14 لیوای وەزارەتی پێشمەرگە تەواو بووە

وەزارەتی پێشمەرگە - ھەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە - ھەولێر

K24 – هەولێر

یەکخستنەوەی هێزەکان، یەکێک لە ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، لەم چوارچێوەشدا لیواکانی یەکەی پشتیوانی یەک و دوو دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و کاروباری یەکخستنەوەشیان بە رێژەی 80٪ تەواو بووە، بە نووسراوی فەرمی چوار لیوای یەکەکانی 70 و 80 خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

لیوا روکن کارزان مەولود، بەڕێوەبەری پلاندانان و رێکخستنی میلاکات لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا خەریکین رێکخستنەوە بۆ میلاکی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین، تائێستا رێکخستنەوە بۆ 14 لیوا کراوە، هەروەها چوار لیوای دیکەی یەکەکانی 70 و 80 بە نووسراوی فەرمی خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانەکەیان هاتووە، سەرقاڵی رێکخستنەوەی هەیکەلی و میلاکەکانیانین، چونکە پەیکەربەندی "هەیکەلی" لیواکانی ئەوان جیاوازە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، خۆشبەختانە ئەوانیش زۆر هاوکارن لەگەڵ وەزارەت".

رێکخستنی کاروبارەکانی ھێزەکانی دەرەوەی پەیکەربەندی وەزارتی پێشمەرگە پرۆسەیەکی بەردەوامە، بەڵام ھەوڵێکی جددی ھەیە لە لایەن ھێزە سیاسییەکان و فەرماندەی لیواکان و وەزارتی پێشمەرگە، کە ئەم ھێزانە پێویستە یەک بخرێنەوە. ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ "نیەتێکی جددی ھەیە بۆ ئەوەی بە زووترین کات ھێزەکانی پێشمەرگە رێک بخرێنەوە بەڵام کات و پشوو درێژی پێویستە".

باپیر کامەلا، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: "لە رووی سیاسییەوە، یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە داخوازی هاوپەیمانان و دۆستەکانمانە، ئەو بابەتە بووەتە ئەرکێکی نیشتمانی هەمە لایەنانە، ئەمەش ئیرادەی دەوێت، ئومێد دەکەین هەموو ئەو لایەنانەی هێزیان هەیە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکیان بخنەوە، بۆ ئەوەی تواناکانی پێشمەرگە یەکبخەین".

تا ئێستا ھێزەکانی یەکەکانی پشتیوانی یەک و دوو  لە 80٪ی  کاروباری  رێکخستنەوەیان تەواو بووە و وردەکاری و دانانی پەیکەربەندی ھێزەکان ماوە. بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی  پێشمەرگە رێک دەخرێنەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کار بۆ رێکخستنەوەی لیواکانی یەکەی 70 و 80 لە چوارچێوەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت و 50٪ کاروباری رێکخستنەوەی چوار لیوا تەواو کراوە.