رۆژنامەیەکی ئەمریکا گەندەڵییەکانی سوپای عێراق ئاشکرا دەکات
"تەنھا لە شەڕی داعش ئەمریکا بە بەهای زیاتر 100 ملیار دۆلار ھاوکاری سەربازی بۆ سوپای عێراق دابینکردووە"
K24 - ھەولێر
رۆژنامەیەكی ئەمریكا گەندەڵیەكانی سوپای عێراق و بەرپرسانی سەربازی ئەو سوپایە ئاشكرا دەكات و چەند بەڵگەیەك لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکا، ئاشکرای کرد لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و تەنیا بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش، ئەمریکا بە بەهای 106 ملیار دۆلار ھاوکاری سەربازی بۆ سوپای عێراق دابینکردووە، بەڵام بەھۆی گەندەڵییەوە ئەو ھاوکاریانە دیارنەماون و یانیش چەك و تەقەمەنییە پێشکەوتووەکان نەگەیشتووەنەتە دەست سەربازانی عێراق لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژی داعش.
ئەو رۆژنامەیە، نموونەی جنراڵ ئیھاب ئەلئەعرەجی دەھێنێتەوە کە ناوبراو فەرماندەیەکی باڵای سوپای عێراقە و رۆژنامەکە ئاشکرای دەکات کاتێک داوای چەکی پێشکەوتی کردووە بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە بەرپرسەکانی سەرووی ئەو داوای برێك پارەیان لێکردووە وەك بەخشیش بۆ ئەوەی ئەو چەکانەی بدەنێ، بەڵام کاتێك ئامادەنەبووە بەخشیش بدات، فەرماندە باڵاکانی سوپای عێراق چەکی کۆنی سەردەمی یەکێتی سۆڤێتیان بۆ ناردووە، کە ھیچ بەکەڵک نەھاتووە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیە.