نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین

نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا نزمبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی و گەیشتنە نزیک ئەو ئاستەی کە پێش هەڵگیرسانی جەنگ تۆمار کرابوون، ئەم دابەزینە دوای ئەوە دێت بازاڕەکان هەست بە ئارامی دەکەن بەهۆی دەستپێکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمزدا.

چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە رێژەی 4.5% دابەزیوە و گەیشتووەتە 73.51 دۆلار، هەروەها نەوتی خاوی تەکساس بۆ یەکەمجار لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا بۆ خوار 70 دۆلار دابەزی و گەیشتە 69.86 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم گۆڕانکارییانە دوای باشبوونی کەشوهەوای بازاڕە جیهانییەکان دێت بەهۆی راگەیاندنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتایهێنان بەو جەنگەی چەند مانگێک بوو بەردەوام بوو، کە ببووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و زیادبوونی فشارەکانی هەڵاوسان لە جیهاندا.

هاوکات، رێکخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، پلانی رزگارکردنی دەریاوان و کەشتییە گیراوەکانی لە ناوچەی کەنداو دەستپێکردووە و بۆ ئەم مەبەستەش گەره‌نتی ئەمنیی پێویستی وەرگرتووە، بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر"، تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز زیادی کردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێش جەنگ.

شارەزایانی بانکی ئاماژە بەوە دەکەن، لە رۆژانی رابردوودا رۆژانە نزیکەی 6 بۆ 7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووەکە تێپەڕیوە، لە کاتێکدا پێش جەنگ ئەم بڕە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل بووە، هاوکات لەم ماوەیەدا سعودیە و ئیمارات هەناردەی نەوتیان لە رێگەی بۆری و بەندەرە نوێیەکانەوە زیاد کردووە بۆ ئەوەی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز کەم بکەنەوە.

لە بەرامبەرادا شارەزایان لە بواری بەبازاڕکردن و بازرگانی لە بازاڕە جیهانییەکان، بە گەشبینییەوە دەڕواننە داهاتوو، چونکە پێشبینی دەکرێت ئێران فرۆشی نەوتی خۆی زیاد بکات دوای ئەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر هەناردەی سووتەمەنی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی 60 رۆژ هەڵگیران.